سەرۆکى یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان رایدەگەیەنێت، شانازیی ئەوەم پێبڕاوه ههر لە سەرەتای شۆڕشەوە بە هەموو توانامەوە پشتیوانی و پاڵپشتیی گەلی سوریا بکەم.
د. عەلی قەرەداغی سەرۆکى یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان لە بانگەوازێکدا رایگەیاند، داوا لە هەموو لایەنەکانی سوریا دەکەم، تكایه شەڕ و کوشتار وەلابنێن، خوێنڕشتن راگرن، لهپێناو ئاشتەوایی گشتگیر و بونیادنانی سوریایەکی نوێ، هەروەها پابەندبوون بەو رێککەوتننامەیەی لە نێوان حکومەت و (هەسەدە) واژووکراوە و پەلەکردن لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی بە نیازێكی پاک و لە چوارچێوەی سوریایەکی یەکگرتوو، كه مافە رەواکانی گەلی کوردی تێدا دەستەبەرکرابێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە ئەرکێکی شەرعییە، هەروەک چۆن ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆییە، چونكه ئاشتەوایی خێرە، بەڵکو فەتحێکی روون و مایەی خێر و بەرەکەتە بۆ گەلی سوریا. جەنگ و کوشتار لە نێوان موسڵماناندا فیتنەیەکە شوێنەواری مەترسیداری هەیە و هەمووی شەڕە و هەرگیز خێری تێدانییه، ئەزموونە مێژووییەکانیش ئهو راستییه دەسەلمێنن؛ هەر بۆیە قورئانی پیرۆز جەختی لەسەر حەرامکردن و بە تاوانکردنی کوشتنی موسڵمانان کردووەتەوە.
دەشڵێت، بهجێهێنانی ئەرکی ئاینی و نیشتمانی وادهخوازێت كه کێشەکان لە رێگەی دیالۆگی بونیادنەر و نیازێکی پاک و راستگۆیانە چارەسەربکەن بۆ گەیشتن بە ئاشتەوایی گشتگیر و سڕینەوەی ئەو ستەم و کێشانەی کە رژێمی ستەمکاری لهناوچووی پێشوو بەجێیهێشتوون. هەروەها داوایان لێدەکەم کاروانی برایەتی، ئاوەدانکردنەوە، زانست و شارستانییەت سهرڕێبخهن لهپێناو بونیادنانی سیستمێکی نوێ کە مافی هەمووان بپارێزێت و جێگەی هەمووانی تێدا ببێتەوە، تاوەکو سوریا ببێتە نموونەیەکی راستەقینەی گەشەسەندوو.
دەقی ماوەی بانگەوازەکەی د. عەلی قەرەداغی:
لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوە روونبکەمەوە کە شانازیی ئەوەم پێبڕاوه، ههر لە سەرەتای شۆڕشەوە بە هەموو توانامەوە پشتیوانی و پاڵپشتیی گەلی سوریا بکەم.
هەروەک له رێگهى “رێکخراوی رابیتەی مرۆیی” کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دامانمهزراندووه، بەشێوەیەکی کارا بەشداربووین لە هاوکاریکردنی خوشک و برایانی ئاوارەی سوریا لە هەرێمی کوردستان و لە ناوخۆی سوریاشدا، کە قوربانیی تاوانەکانی رژێمی ستەمکاری پێشوو بوون.
هەروەها ئەو زانکۆیەی کە دامانمەزراندووە [زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە هەرێمی کوردستانی عێراق] سەدان خوێندکاری کوردی سوریای بۆ خوێندن وەرگرتووە بە خۆڕایی و بێ بهرامبهر، ئەم پڕۆژهیه تائێستاش بەردەوامە.
لەلایەکی ترەوە هەوڵێکی زۆرم داوە بۆ ئاشتەوایی و نزیکكردنەوەی لایەنەکان و هێشتاش بەردەوامم، هەروەها داوا لە دڵسۆزان و چاکەخوازان دەکەم ئەوەی لە توانایاندایە بیکەن بۆ وازهێنان لە شەڕ و گەڕانەوە بۆ رێککەوتنە واژووکراوەکە و تەواوکردنی، داواکارین لە خودا تێیدا سەرکەوتوومان بکات و شتێک روونەدات ئێمە و هەموو خۆشەویست و دڵسۆزێک خەمبار بکات…ئامین.
رایدەگەیەنم کە ئەم بانگەوازەم، ئاراستەی هەردوو لایەنەکە کردووە و هیوایەکی زۆرم هەیە کە بە دەم ئەم داواکارییەوە بێن. هەروەها ئامادەیی خۆم نیشاندەدەم بۆ خستنەگەڕی هەوڵی زیاتر لەپێناو راگرتنی شەڕ و بەشداریکردن لە بەدیهێنانی ئاشتەوایی و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.