دەسەڵاتدارانی چین رێگرییان لە گەورە كۆمپانیاكانیان كردووە سەرلەنوێ غازی سروشتیی شل بە كڕیارانی ئەوروپی بفرۆشن، لەگەڵ ژمارەیەك وڵاتی ئاسایی دیكەدا، وەك ئەوەی ئاژانسی بلۆمبێرگ ئاماژەی پێداوە.
ئاژانسەكە لە زاری سەرچاوەكانییەوە ئاشكرایكردووە، هەنگاوەكە بۆ زامنكردنی گەرمكردنە لە چین لە وەرزی زستاندا.
روونیشیكردووەتەوە، فەرمان بە كۆمپانیاكانی (پترۆچاینا، سینۆبك و كنۆك) كراوە پارێزگاری لە غازە ئەمباركراوەكانیان بكەن بۆ بەكارهێنانی لە ناوخۆدا.
بلۆمبێرگ ئاشكرایكردووە، چین گرێبەستی گەورەی هەیە بۆ كڕینی غازی سروشتیی شل لە هەناردەكارانی وەك ویلایەتە یەكگرتووەكان، بازرگانانی چین ئەمساڵ هەندێك لەو بارە غازانەیان بۆ ئەوروپا گواستووەتەوە بەهۆی دابەزینی خواستی ناوخۆ.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو رێوشوێنەی پەككین جارێكی دیكە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی دابینكردنی غازی سروشتی بۆ ئەوروپا و زیادبوونی قەیرانی وزە لە وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا ئەگەر زستانی داهاتوو سەخت بێت.