وەزیری تەندروستیی توركیا بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییانی تەقینەوەی كانە خەڵوزەكەی پارێزگای بارتن لە باكووری وڵاتەكە بۆ 28 كەس رادەگەیەنێت.
فەخرەدین قوجە، وەزیری تەندروستیی توركیا لە راگەیەندراوێكدا لە تویتەر ئاشكرایكرد، تا ئێستا 28 کرێکار گیانیان لەدەستداوە و 11ی دیکەش برینداربوون.
وتیشی، “شەش بریندار گوازراونەتەوە بۆ ئەستەنبوڵ و پێنجی دیكەش لە نەخۆشخانەكانی بارتن چارەسەر دەكرێن”.
لەكاتێكی پێشتردا سلێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی توركیا گیانلەدەستدانی 14 كرێكار و برینداربوونی ژمارەیەكی دیكەی لە ئاكامی تەقینەوەی كانەكەدا راگەیاند كە درەنگانی شەوی رابردوو روویدا.
ئەوەشی وت، تەقینەوەكە بووەتە هۆی گەمارۆدانی 49 كەس لە ناوچەیەكی مەترسیداری ناو كانەكەدا.
بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان تەقینەوەكە بەهۆی دزەكردنی غازەوە روویداوە.