قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق كرد و ڕایگەیاند، خۆشحاڵم دڵسۆزانەترین پیرۆزباییتان ئاراستە بكەم بۆ ئەو متمانەیەی كە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بە ئێوە و بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی بەخشی و هەڵبژێردران بەسەرۆك كۆماری عێراق.
لەپەیامەكەی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقدا هاتووە، ئەزموونی ئێوە لەسەردەمی خەباتی سیاسی جێی شانازییەكی گەورەیە بە تایبەت ڕۆڵی میحوەریتان لە سەردەمی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی كە باشترین نوێنەرایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانتان كرد، لەكایەی حوكمڕانی و بەرێوەبردنیشدا و لە یەكەم حكومەتی هەڵبژێردراوی دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق، متمانەی سەرۆك مام جەلال-تان پێبەخشرا و بوونە وەزیری سەرچاوەكانی ئاو لە حكومەتی فیدراڵ و گرتنە ئەستۆی ئەم بەرپرسیارێتییە نوێیە وەك سەرۆك كۆماری عێراقی فیدڕاڵ كە شایستەی ساڵانی خەبات و سیاسەت و ژیریی ئێوەیە كە دواجار ئەمڕۆ گەیشتنە لوتكەی حوكمڕانی لە عێراقدا.