حكومەتی فلیپین، فەرمانیكردووە بە هێزەكانی پۆلیس، هەر كەسێك پابەندی ڕێنماییەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا نەبێت، “داركاری” بكەن.
بە درێژایی ساڵی ڕابردوو، ئەو وڵاتانەی ڕێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا تیایاندا هەڵكشا و پەتاكە بەشێوەیەكی بەربڵاو لەناو خەڵكدا تەشەنەیسەند، ڕێنمایی جۆراوجۆریان دەردەكرد و سزایان بەسەر ئەو كەسانەدا دەسەپاند، كە ڕێنماییەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا-یان پێشێل دەكرد، زۆربەی سزاكانیش دارایی بوون، بەڵام لە فلیپین بارودۆخەكە جیاوازە.
ئەمڕۆ هەینی 4ی كانونی یەكەم، جەنەراڵ- سیزار بیناچ، فەرماندەی ئەو تیمەی ڕاسپێردراوە بە ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا لە فلیپین ئاشكرایكرد، “هێزەكانی سوپا و پۆلیس مەفرەزە بە شوێنە گشتییەكاندا بڵاودەكەنەوە و ئەندامەكانیان دار و تێڵایان پێدەبێت.”
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا، جەنەراڵە ڕوونیكردەوە، دارەكان لە جۆری حەیزەران “خەیزەران” دەبن و درێژی هەر دارێك یەك مەتر دەبێت، بەكاردەهێنرێن بۆ پێوانەكردنی ماوەی دووریی نێوان كەسەكان، ئەگەر هاوڵاتییان ڕێنماییەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا پێشێل بكەن و لە یەكتر نزیكببنەوە، ئەوا هێزەكان بە هەمان ئەو دارانە، داركارییان دەكەن.”