كەمێك لەمەوبەر لەناو خۆپیشاندەرانی بەغداد لەسەر پردی جمهوری دەنگی چەند تەقینەوەیەك بیسترا و هێزە ئەمنییەكان ڕوونكردنەوە دەدەن.
ئەمشەو لە سێیەم ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2019ی عێراقدا كە بە “ڕاپەڕینی تشرین” ناودێركرا، خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغداد درێژەیان بە خۆپیشاندان دا و هەوڵدەدەن لەسەر پردی جمهورییەوە بچنە ناوچەی سەوز.
بەپێی زانیارییەكان، كەمێك لەمەوبەر دەنگی چەند تەقینەوەیەك لەسەر پردی جمهوری بیستراوە و سەرچاوەیەكی ئەمنی دەڵێت، هێزە ئەمنییەكان چەند بۆمبێكی دەنگییان تەقاندووە بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران و هیچ زیانێكی گیانیان لێنەكەوتووەتەوە.
لە بەیانیی ئەمڕۆوە لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپیشاندان لە بەغداد، دەیان خۆپیشاندەر برینداربوون كە بەپێی سەرچاوە فەرمییەكانی حكومەت ژمارەیان 28 كەسە و چالاكوانانیش دەڵێن، زیاتر لە 50 خۆپیشاندەر برینداربوون.