ئەمڕۆ خۆپیشاندان لە بەغداد دەستیپێكرد و تا ئێستا 28 خۆپیشاندەر برینداربوون، نەتەوە یەكگرتووەكانیش داوای پاراستنیان دەكات.
لە سێیەم ساڵیادی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانی 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2019ی عێراقدا، ئەمڕۆ سەدان خۆپیشاندەر چوونە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغداد و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
خۆپیشاندەران هەوڵدەدەن پردی جمهوری لە ناوەڕاستی شاری بەغداد تێبپەڕێنن و بگەن بە ناوچەی سەوز، بەڵام هێزە ئەمنییەكان كە ئەركیان ڕێگریكردنە لە تێپەڕاندنی پردەكە، ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەوە و بەپێی ئاماری فەرمیی حكومەت، 28 خۆپیشاندەر برینداربوون.
لە كاردانەوەی ئەو گرژییانەی ئەمڕۆدا، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق “یۆنامی” ڕاگەیەندراوێكی بڵاویكردەوە و مامەڵەی هێزە ئەمنییەكانی بە پیشەییانە ناوزەدكرد و داوایكرد هەمووان خۆیان لە پەنابردن بۆ توندوتیژی بپارێزن.
یۆنامی دەڵێت، “جارێكی تر دووپاتیدەكەینەوە كە خۆپیشاندانی ئاشتییانە پرسێكی سەرەكییە لە پرۆسەی دیموكراسیدا”.