بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت ئەو كەسەی لە گوندی بنگرد باوكی خۆی كوشت لەلایەن هێزەكانمانەوە دەستگیركرا و لە كاتی لێكۆڵینەوەكاندا دانیناوە بە تاوانەكەدا.
لە 13ی ئەم مانگە كاتژمێر 3:30 خولەكی شەو هاوڵاتییەك كە لە دایكبووی ساڵی 1974 بووە لە گوندی بنگرد لە قەزای چەمچەماڵ لە ماڵەكەی خۆیدا كوژراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، “دوای ئاگاداركرنەوەی هێزە ئەمنییەكانی پەیوەندیدار بەو ڕووداوە هێزەكانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی دەستیان بە كۆكردنەوەی زانیاریی ورد و بەدواداچوون كرد و دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەری دادگەی لێكۆڵینەوە كەسێك باوكی خۆی كوشتووە و لەلایەن هێزەكانمانەوە لە 14ی ئەم مانگە دەستگیركراوە”.
لە ڕاگەیەندراوەكەی ئاسایشی سلێمانیدا هاتووە تۆمەتبار لە كاتی لێكۆڵینەوەدا دانیناوە بە تاوانەكەدا و ئاشكرایكردووە، “كاتژمێر 3:30 خولەكی شەوی 13 و 14ی ئەم مانگە بە دەمانچەیەك لەكاتی خەودا باوكمم كوشتووە و دواتر ئاگاداری هێزە ئەمنییەكانمان كرد كە باوكم كوژراوە و دەمانچەکەی باوكمم پێكوشت لەگەڵ چەكێكی دیكە لە جۆری كڵاشینكۆڤ دوای ڕووداوەكە بردم لە نێو گوندەكەی خۆمان شاردمەوە”.
سەبارەت بە هۆكاری كوشتنی باوكیشی تۆمەتبارەكە ڕوونیكردووەتەوە كە لەسەر كێشەی خێزانی پەیوەندیدار بە خێزانەكەی خۆیان باوكی كوشتووە و لە ئێستادا تۆمەتبارەكە بە بڕیاری دادوەر بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادان ڕاگیراوە و پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامە.