حكومەتی هەرێم: لە هەموو لایەک زیاتر پەرۆش و خەمخۆری ژیان و گوزەرانی خەڵكین

پاش كۆبوونەوەكەی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاشكرایكرد، بۆ پێدانی موچە قەرز دەكەن تا پارەكەی بەغداد دەگات.

لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەكردووە، “ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی كانونی یەكەم، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە” .

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەداوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو لایەک زیاتر پەرۆش و خەمخۆری ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانە و هەموو هەوڵ و توانای خۆشی خستووەتەگەڕ بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “شایستە داراییەکانی هەرێم، مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە و هەرگیز سازشی لە سەر ناکەین و بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و دانوستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لەپێناو دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم”.

ڕوونیشیكردووەتەوە، ”لەم ڕۆژانەشدا بەردەوام لە سەر هێڵ بووین لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، کە بەڵێنیانداوە بابەتی ناردنی موچە لە چەند رۆژی داهاتوودا چارەسەر بکەن، بەڵام ئەگەر لە بەر هەر هۆیەک، لە کاتی خۆیدا بەشە موچەی هەرێم لە بەغدادەوە نەگەیشت، ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچارە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە پەنا بۆ قەرز ببات و قەرز بکات تا بڕە موچەی تەرخانکراو لە بەغداد دەگات و دواتر پارەکەی بەغداد، لەبری قەرزەکە دەدرێتەوە“.

لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بڕیاریدا لە ڕۆژی پێنجشەممە 3ی كانونی یەكەم دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی 10 بکرێت بەو داهاتەی لە بەر دەستی وەزارەتی داراییە و بە تەمویلکردنی موچە بە ڕێژەی 79%.

هەروەها ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی بەغداد بکات بە مەبەستی داکۆکیکردن لە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

“لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، پڕۆژەی پێداچوونەوە و ڕێکخستنەوەی ئەو ڕسوماتەی لە بەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری وەردەگیرێن، لەلایەن جێگری سەرۆکوەزیرانەوە خرایەڕوو و داوایکرد، پەلە بکرێت لە ناردنی زانیاریی تایبەت بە خەرجی و داهاتی وەزارەتەکان بۆ لیژنەی باڵا، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەیان”، ڕاگەیەندراوەكە ئاشكرایكردووە.

ئەوەش هاتووە، لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەکەدا، لەلایەن کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پڕۆژە بڕیاری تایبەت بە “دەرماڵەی لەبری کەمئەندامی” خرایەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژەکەی پەسەند کرد.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی دارایی هەرێم بە "لێبڕینی 21%" دەست بە دابەشكردنی موچە دەكات

بابەتی دواتر

توركیا سنوورەكانی بەڕووی گەشتیاراندا دادەخات؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share