سەرۆکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و عێراق ڕایگەیاند، پێشبینیدەکرێت بەهای بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لەمساڵدا بگاتە 10 ملیار دۆلار.
ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی، ئەمڕۆ سێشەممە لەزاری یەحیا ئیسحاق سەرۆکی ژووری بازرگانی ئێران و عێراق بڵاویکردووەتەوە، “دیپلۆماسیەتی ئابوری ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لەسەرجەم بوارەکاندا، پێویستە هەنگاوی چالاک و کاریگەر لەپێناو باشترکردنی دیپلۆماسیەتی ئابوریی هەردوو وڵات بدەین لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان و قۆستنەوەی دەرفەتەکان”.
ئاماژەی بەوەشکرد،”پەیوەندیی نێوان عێراق و ئێران پەیوەندییەکی ستراتیژییە، ئابوری هەردوو وڵات و ئاسایشەکەی و هەر هەڕەشەیەک یان دەرفەتێک هەبێت، پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، دیپلۆماسیەتی ئابوریش ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لەبەرەنگاربوونەوەی هەر دەوڵەتێک کە دەیەوێت لەمپەر لەبەردەم ڕۆڵی ئێران لە عێراق دروستبکەن”.
ئاشکراشیکرد،”پێشبینی دەکەین تا کۆتایی ئەمساڵ بە ڕۆژمێری ئێرانی واتە تا 20ی ئازاری ئەمساڵ، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەردوو وڵات بگاتە 10 ملیار دۆلار.