دادگای باڵای فیدڕاڵی لەبارەی یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم کۆبووەوە و بڕیاریدا دانیشتنەکەی بۆ 19ی ئەم مانگە دوابخات.
دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق ئەمڕۆ لەبارەی داوای ژمارە 156 کۆبووەوە کە لەلایەن پەرلەمانتاران، (سروە عەبدولواحید، ڕێبوار ئەورەحمان، مۆفەق حسێن، ئومێد محەمەد و محەمەد ئیسماعیل) تۆماركرابوون، کە لایەنی داوالێکراو سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانە.
داواکە تایبەتە بە تانەدان لە یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2014ی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، پێشتر و لە 4ی ئەم مانگە یەکەمین دانیشتنی بەڕێوەچوو، ئەمڕۆش دادگاکە بڕیاریدا جارێکی دیکە بۆ 19ی ئەم مانگەی دوابخات.
دادگای باڵای فیدڕاڵی، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیشی وەک لایەنێکی پەیوەندیدار لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا بەشداریپێکردووە.