ئەمڕۆ هاوڵاتییانی سوید دەنگ لەو هەڵبژاردنەدا دەدەن كە زیادبوونی دەنگەكانی ڕاستڕەوی پەڕگیر و ڕەوتەكانی دژ بە كۆچ باڵی بەسەردا كێشاوە.
پاش هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن كە پرسەكانی تاوان و هەڵاوسان زۆرترین قسەی لەسەركرا، ئەمڕۆ یەكشەممە سویدییەكان ڕوو لە ناوەندەكانی دەنگدان دەكەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ لە چێوەی سیناریۆیەكی بێپێشینەدا كە یان پێكهێنانی حكومەتە لەلایەن ڕاستڕەوە پەرگیرەكانەوە یان سەركەوتنی بەرەی چەپە بۆ ویلایەتی سێیەم.
ئەگەری كۆنتڕۆڵكردنی دەسەڵات لەلایەن ڕاستڕەوەكانەوە بە پشتیوانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی “پارتی دیموكراتی سوید”، كە بۆ ماوەیەكی درێژ بێكاریگەربوو لە گۆڕەپانی سیاسیدا بەدوورنازانرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ڕاپرسییەكان نیشانیدەدەن كە ئەو پارتە نەتەوەپەرستە دژ بە كۆچ-ە بۆ یەكەمجار لە مێژوودا پلەی دووەم بەدەستدەهێنێت، ئەمەش دەیكاتە هێزی یەكەم لە فراكسیۆنێكی نوێ كە هێز و لایەنە ڕاستڕەوەكان لەخۆدەگرێت.
بەڵام ئاستی جەماوەریی ماگدالینا ئەندەرسۆن، سەرۆک وەزیرانی ماوەتەواوبووی سۆسیال دیموکراتەکان کە لە ڕووی متمانەوە لە ئۆلف کریسترسۆنی مۆدێرات (نەریتخواز) باشترە، هەروەها ترسی دەنگدەرانی ناوەند لە ڕاستڕەوی توندڕەو، دوو هۆکارن کە لە بەرژەوەندیی چەپەکاندان.
پێنج دامەزراوەی ڕاپرسی لە دوایین پێشبینییەكانیاندا ئاماژە بە پێشکەوتنێکی کەم دەکەن بۆ بەرەی سوور-سەوز، بەڵام جیاوازییەکە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرتەسك بووەتوە. دوایین ڕاپرسی پێشبینی سەركەوتنی بلۆکی چەپ دەكات بە سەرۆکایەتی سۆسیال دیموکراتەکان، پارتی یەكەمی سوید لە دوای سییەکانی سەدەی ڕابردووەوە، بە پاڵپشتیی چاوەڕوانکراو لەلایەن سەوزەکان، پارتی چەپ و پارتی ناوەند، دەنگەکانی لە نێوان 49.6% بۆ 51.6% دا. سەبارەت بە بلۆکی ڕاستڕەو کە “دیموکراتەکانی سوید” و پارتی مۆدێرات (پارێزگار) و پارتی دیموکراتی مەسیحی و پارتی لیبراڵ لەخۆدەگرێت، پاڵپشتییەكانی لە نێوان 47.6% بۆ 49.4% دایە.