چی لە تانكەرەكانی غاز دەكرێت؟
“ئێستا” نهێنیی سەرهەڵدانەوەی قەیرانی غاز ئاشكرادەكات

لە كاتێكدا وەرزی هاوینە و خواست لەسەر غاز بە بەراورد بە زستان زۆر نییە، قەیرانێكی نیمچەشاراوەی غازی ماڵان لە سلێمانی سەریهەڵداوە. “ئێستا” لە چوار شوێنی فرۆشتنی غاز بەدواداچوونی كرد، بەڵام سیانیان غازیان نەبوو بۆ فرۆشتن، هۆكارەكەش وەك بریكارەكانی دابەشكردنی غاز و خاوەنی كارگەكانی بەرهەمهێنانی غاز دەڵێن، “جیاكاریكردنە لەگەڵ سلێمانی لە دابینكردنی بەشە غازدا”.

جەبار عوسمان كە یەكێكە لە خاوەنی گۆڕەپانەكانی فرۆشتنی غازی ماڵان لە سلێمانی، هۆكاری دووبارەبوونەوەی سەرهەڵدانی قەیرانی غاز لە سلێمانی و پشكی دابینكراوی غازی پارێزگاكەی بۆ “ئێستا” ئاشكراكرد و وتی، “سلێمانی ڕۆژانە پێویستی بە 300 تۆن غازە، بەڵام 204 تۆن غاز بە دەست کارگەکانی سلێمانی دەگات” و ڕوونیكردەوە، “لە وەرزی هاویندا ڕۆژانە 15 تانكەر غازی شل پێویستە و زستانان خواست زۆردەبێت بۆ 17 تانكەر كە دەكاتە زیاتر لە 300 تۆن غاز، بەڵام ئێستا ڕۆژانە تەنها 12 تانكەر غاز بۆ سلێمانی دابیندەكرێت”.

وتیشی، “پێویستە هەر تانكەرێك 20 تۆن غازی باركردبێت، بەڵام لەوەشدا غەدرمان لێدەكرێت و هەر تانكەرێك 18 تۆن غازی تێدەكرێت، كە هەر تۆنێك دەكاتە 84 بوتڵی غاز”.

ئەو بریكارەی غازی ماڵان نەیشاردەوە كە ئێستا قەیرانی غاز هەیە، “بەڵام بەو پێیەی وەرزی هاوینە و خواست لەسەر غاز زۆر نییە، قەیرانەكە بە ئاشكرا هەستی پێناكرێت و زۆر نەبووەتەهۆی كەمبوونەوە یاخود نەمانی غاز لای هاوڵاتییان” و جەختیكردەوە، “غاز وەك پێویست نییە و كارگەكانی غازیش ڕۆژانە كراوە نین و لە هەفتەیەكدا چەند ڕۆژێك غاز دابەشدەكەن، جگە لەوانەش لە پشكی غازدا جیاكاری لەگەڵ سلێمانیدا دەكرێت و ئەوەش هۆكاری سەرهەڵدانی قەیرانی غازە”.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی “كێ هۆكاری كەمیی ئەو غازەیە كە ڕەوانەی سلێمانی دەكرێت؟”، جەبار عوسمان جەختیكردەوە كە ئەوە لە دەسەڵاتی خاوەنی كارگەكانی بەرهەمهێنانی غازدا نییە و “هۆكارەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانە، تەنانەت خاوەنی كارگەكان داوایانكردووە ئەو كێشەیە چارەسەربكرێت، بەڵام حكومەت بەدەم داواكارییەكەیانەوە نەهاتووە”.

جەبار عوسمان چەند زانیارییەكی تری بۆ “ئێستا” ئاشكراكرد و وتی، “ڕۆژانە پشكی هەر گۆڕەپانێكی غازفرۆشی 250 بوتڵە و دەبێت بریكاریش 100 بوتڵ وەربگرێت، بەڵام خاوەنی گۆڕەپانەكانی سلێمانی 100 بوتڵ غاز بۆ هەر یەكێكیان و هەر بریكارێكیش ڕۆژانە تەنها 30 بوتڵ غازیان پێدەدرێت”.

لێدوانەكەی ئەو بریكارەی غازی ماڵان، هاوكاتە لەگەڵ هۆشداریدانەكەی خاوەنی كارگەكانی غاز كە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە سلێمانی ڕایانگەیاند، بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووان، بڕێكی كەمتری غاز بۆ سلێمانی دابیندەكرێت وەك لە هەولێر و دهۆك و وتیان، “ئەگەر پشكی سلێمانی لە غاز زیادنەكرێت، ئەوا لە وەرزی زستانی داهاتوودا قەیرانێكی سەختی غاز لە سلێمانی سەرهەڵدەدات”.

بابەتی پێشتر

تەنها لە مانگی ڕابردوودا 30 كۆڵبەر كوژراون یان برینداربوون

بابەتی دواتر

لە دانیشتنی كردنەوەی خولی پایزەدا خوێندنەوە بۆ دوو پڕۆژەیاسا كرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پەخشی 29 کەناڵی ناوخۆیی رادەگیرێت

بەهۆی نوێنه‌كردنه‌وه‌ی مۆڵه‌ته‌كانیان وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێم بڕیاری راگرتنی پەخشی 29 کەناڵی ناوخۆیی دەرکرد. بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی رۆشنبیری و…
زیاتر ببینە

نرخی مریشك زیاتر دابەزی

سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگەپەلەوەرییەكان رایدەگەیەنێت، نرخی مریشك دابەزینی زیاتری بەخۆوە بینی و یەك كیلۆ مریشك لە كێڵگەپەلەوەرییەكان بە دوو…
Total
0
Share