پێشتریش وتومانە 111 هەوڵی گزیكردن هەبووە
وەزارەتی پەروەردە بۆ عومەر فەقێ: قسەکردنی نابەرپرسانە ڕەتدەکەینەوە

وەزارەتی پەروەردە لەبارەی قسەكانی عومەر فەقێ ڕوونكردنەوە دەدات و دەڵێت، “پێشتریش ڕامانگەیاندبوو 111 هەوڵی گزیكردن لە تاقیكردنەوەكانی قۆناغی 12 هەبوون، هەموو حاڵەتەكان كۆنترۆڵكراون و ڕێكار گیراوەتە بەر”.

وەزارەتەكە لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “پێشتر ئاماژەمان پێداوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بابەتی فرۆشتنی بلوتوس هەیە و قوتابیانی پێ فریودەدرێت، ئەوەی کە باسیش دەكرێت لە چوارچێوەی ئەو 111 حاڵەتەیە کە ئێمە کۆنترۆڵمان کردووە”.

“دەشڵێت، “هاوڵاتییەک دوێنێ شەو هەندێک قسەی کردووە لەسەر بابەتی گزیکردن، ئێمە وەک لیژنەی باڵا لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیشدا ئاماژەمان پێدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بابەتی فرۆشتنی بلوتوس هەیە و قوتابیانی پێ فریودەدرێت”.

لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، “پاکی و باش بەڕێوەچوونی پرۆسەکە جێگەی خۆشحاڵی ئەزموندەران و خانەوادەکانیان بووە تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵ نموونەیی باشی بوون لەچاو هەموو تاقیکردنەوەکانی دیکە، قسەکردنی نابەرپرسانە ڕەتدەکەینەوە کە کاریگەریی لەسەر دەروونی قوتابیان و خوێندکاران هەبێت”

دەقی ڕوونكردنەوەكە:

ڕوونکردنەوەیەک لە لیژنەی باڵای ئەزمونەکانەوە :

وەک پێشتر ئێمە رامانگەیاندبوو کە (١١١) حاڵەتی هەوڵی گزیکردن لەکاتی تاقیکردنەوەکان تۆمارکراوە کە ڕێکاری پێویستیان بەرامبەر گیراوەتە بەر، هاوڵاتییەک دوێنێ شەو هەندێک قسەی کردووە لەسەر بابەتی گزیکردن، ئێمە وەک لیژنەی باڵا لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیشدا ئاماژەمان پێدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بابەتی فرۆشتنی بلوتوس هەیە و قوتابیانی پێ فریو دەدرێت، وەک خۆشی ڕوونکردنەوەی داوە ئەوەی کە باسی دەکات لە چوارچێوەی ئەو (١١١) حاڵەتەیە کە ئێمە کۆنترۆڵمان کردوە.

وەزارەت هەماهەنگی هەبووە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەسەرکەوتووی توانیویەتی کۆنترۆڵی ئەو بابەتە بکات. لەسەر بەکارهێنانی نامەی مۆبایل بۆ گزیکردن کە لەسەرەتادا بەهۆی کەمتەرخەمی لە پشکنین لەچەند هۆڵێکی دیاریکراوی تاقیکردنەوە مۆبایل براوەتە ژوورەوە ، ئەوەی ناوبراو ئاماژەی پێدەدات لەلایەن وەزارەت بەهەماهەنگی هێزەکانی ئاسایش کۆنترۆڵ کراوە و بەکارهێنەرانیشی کە ژمارەیان زۆر کەمبووە و لەناو تاقیکردنەوە ئەو کارەیان کردوە بەمەبەستی سوودی شەخسی خۆیان، ئەنجامەکەیان بە گزیی بۆ هەژمارکراوە، لایەنە ئەمنییەکان کە ژمارەی ئەو سیمکارتانەمان داونەتێ وردەکاریی و تەنانەت فۆرمی ژمارەکەشیان بۆ ناردوینەتەوە و ئاسایش کاری پێویستی لەسەر کردووە و دۆسیەکەیان ڕەوانەی پۆلیس و پاشان دادگاش کردووە ، تیمی تایبەتی لەلایەن  لە ئاسایش هەبووە، بەناوکردن و نەکردنی سیمکارتەکە ڕێگر نەبووە کە کاری پێویست ئەنجامبدرێت ( ئەم وردەکارییە کە ئێمە نامانەوێت باسی بکەین ) و بەکەمتر لە دوو کاتژمێر دەستگیرکران و پاش لێکۆڵینەوە ڕەوانەی پۆلیس و پاشان دادگا کراون . لیژنەی باڵا بەووردی هەموو ڕێکارەکانی گرتۆتەبەر بەهەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان کە بۆ ئەوەی دادپەروەری جێبەجێ بێت و بەکارهێنەرە نایاساییەکان ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە کە ڕوبەڕووش کراونەتەوە ، تەنانەت ئەگەر لە هۆڵێکیش کەمتەرخەمی کرابێت و (دوای تاقیکردنەوەش) وێنەی پرسیارێک گیرابێت سزای کارگێڕیی هەموو بەرێوەبەر و یاریدەدەر و چاودێرانەشمان داوە کە کەمتەرخەمبوون.

پاکی و باش بەڕێوەچونی پرۆسەکە جێگەی خۆشحاڵی ئەزموندەران و خانەوادەکانیان بووە تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵ نموونەیی باشی بوون لەچاو هەموو تاقیکردنەوەکانی دیکە، قسەکردنی نابەرپرسانە ڕەتدەکەینەوە کە کاریگەریی لەسەر دەروونی قوتابیان و خوێندکاران هەبێت .

هەوڵی گزیکردن لەناو یان لەکاتی تاقیکردنەوە هەیە، بەڵام گرنگ کۆنتڕۆڵکردنی هەوڵی گزییەکەیە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و ئەمەش بەڵگەکانە بەوەی کە ئەو کەسەش ئاماژەی پێداوە کە خۆشی دەڵێت ئەوەی من باسی دەکەم لە چوارچێوەی ئەو حاڵەتەیە کە وەزارەت کۆنترۆڵی کردوە، بەڵام ئێمە ئەم ڕێکارە وردانەی کە کردومانە بەئەرکمان زانیوە و منەتمان لەسەر کەس نەکردووە تا باسی هەموو هەوڵەکان و وردەکارییەکان بکەین .

لیژنەی باڵای ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە

بابەتی پێشتر

عێراق دەرمانێكی بۆ چارەسەریی پەتای كۆلێرا بەرهەمهێنا

بابەتی دواتر

لە بەرژەوەندیی خاوەنپێداویستییە تایبەتەكان بڕیاردەدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share