ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان جەخت لە ئامادەکردنی ڕەشنووسی دەستوور دەکاتەوە وەک “زەرورەتێکی حەتمی” دەڵێت، “مایەی شەرمەزارییە چەندجارێک لایەنە نەیارەکانی هەرێم لە دادگای فیدارڵی نەبوونی دەستوور و کەمتەرخەمیی خۆمانمان بیربخاتەوە”.
لە وتاری دەستپێکردنی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا ڕێواز فایەق ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان پێویستە خاوەنی دەستوورێکی تایبەت بە خۆی بێت، بوونی دەستوور دەبێتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکان، ئامادەکردنی ڕەشنووسی دەستوورێک بۆ هەرێم زەروورەتێک حەتمی بووە و ئێستاش هەمەن زەرورەتی هەیە، دەبوو لە ساڵی 1992وەوە ڕەشنووسێک بۆ هەرێم ئامادەبکرێت.
باسی لەوەشکرد، ئێستا دوای ئەوەی دامەزراوەکانی هەرێم بەهۆی نەبوونی دەستوور داوای یاساییان لای دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر تۆمارکراوە، بە پاساوی نەبوونی پاڵپشتیی دەستووری بۆ کاری دامەزراوەیی، مایەی شەرمەزارییە کە لایەنی نەیاری هەرێم نەبوونی دەستوور و کەمتەرخەمیی خۆمانمان بیربخاتەوە.
سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند، دەبێت ئەو پرسیارە گرنگە بکەین، کە لەم قۆناغەی ئێستادا نووسینەوەی دەستوور گرنگترە یان ئەنجامدانی هەڵبژاردن، هەردوو پرۆسەکە گرنگیی خۆیانیان هەیە و هەنگاوەکانی نووسینەوەی دەستوور ڕێگرنابێت لە تەواوکردنی هەنگاوسەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەگەر بەڕاستی ئیرادەیەکی سیاسیی کاریگەر لەپشت هەردوو پرۆسەکەوە بێت.
وتیشی، ئەرکی پەرلەمانە هەوڵی زەمینەسازی و لێکنزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکان بدات بۆ تێگەیشتن و ڕێککەوتن لەسەر یاسای هەڵبژاردن.
ئاماژەی بەوەکرد، لە وادەی کۆتاییهاتنی خولی پێنجەمی پەرلەمان کە 6ی تشرینی دووەمە خولی شەشەمی پەرلەمان دەستبەکارنابێت، ئەمەش ئاڵنگارییەکی سیاسی و یاسایی قورس و هەستیارە و دەبێت بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دروستنەبوونی بۆشایی یاسایی بکەین.
ڕێواز فایەق دەڵێت، جگە لە کۆمسیۆن هەردوو دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێریی دارایی ماوەی یاساییان کۆتاییدێت، دەبێت ڕێکارە یاساییەکانیان بۆ ئەنجامبدرێت، ئێستا هەردوو دامەزراوەکە کێشەی یاسایی و تەواوبوونی ماوەی یاساییان هەیە، لەکاتێکدا هەردووکیان دوو دامەزراوەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵین.
سەۆکی پەرلەمان باسی لە دۆخی ئێستای عێراق کرد و ڕایگەیاند، “دەبێت بە حیکمەتەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی نوێی عێراقدا بکەین و ڕۆڵی ئەرێنیی بگێڕین لە کوژاندنەوەی ئاگری شەڕی بەرەکان و لایەنە ناکۆکەکان، هەرێمەکەشمان لە پریشکی ئەو دۆخە نەخوازراوە بپارێزین”.