سەبارەت بە ناردنی بڕەپارەكەی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە، پەرلەمانتارێكی كورد ئاشكرایكرد، “ئومێد هەیە پارەكە بنێردرێت بەڵام وادەیەك نییە”.
شیروان میرزا، ئەندامی كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 30ی تشرینی دووەم، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئومێد هەیە كە 320 ملیارەكە بنێردرێت بۆ هەرێم، بەڵام وادەیەك نییە و نازانرێت كەی دەنێردرێت”.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشیكرد، “كازمی دەیەوێت پارەكە بۆ هەرێم بینێرێت، چونكە ڕێككەوتنێكی لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەیە كە سێ مانگ 320 ملیار دینار بنێرێت، بەپێی ئەو ڕێككەوتنەش یەك مانگی ماوە بینێرێت، هەوڵەكانیشی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی شیعەكان ڕازی بكات پارەكە بۆ هەرێم بنێرێت”.
لە ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە خۆپیشاندان و ئاڵۆزی ڕووی لە عێراق كردووە و باری حكومەتەكەی كازمی قورستر كردووە، سەبارەت بە كاریگەریی ئەو ئاڵۆزییانە لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێم، شیروان میرزا وتی، “بەدڵنیاییەوە تەواوی ئەو ئاڵۆزییانە كاریگەرییان دەبێت لەسەر بڕیاری ناردنی پارە بۆ هەرێم لەلایەن كازمییەوە”.
“ئەو پارەیەی لەبەردەستماندایە بەشی دابەشکردنی موچەی تەواو ناکات”
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 26ی تشرینی دووەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە ئێستادا حکومەتی هەرێم بڕێک پارەی لەبەردەستدایە، بەڵام ئەو پارەیە بەس نییە بۆ دابەشکردنی موچەیەكی تەواو و کەمترە لە بڕی پێویست”.
وتیشی، “لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بەغداد پارەکە نەنێرێت لە سەرەتای مانگی 12دا دەتوانین موچە دابەشبکەین، بەڵام بەو داهاتەی لە بەردەست وەزارەتی دارایی دەبێت، كە تا ئێستا نازاندرێت چۆن دەبێت”.
موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نزیكەی دوو مانگە موچەیان وەرنەگرتووە، ئەو موچەیەشی چاوەڕوانین موچەی مانگی 10ی ئەمساڵە، ئەوەش لەكاتێكدایە “بێ هیچ ناونیشانێك” لە موچەی مانگی سێ-وە وەزارەتی دارایی بازی دا بۆ مانگی نۆ و موچەی مانگی نۆی دابەشكرد.