ئەنجومەنی وەزیران: ڕۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن و 125 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هاوڵاتییان دابیندەكرێت

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووە و جەخت لەپێشینەی كارەكانی حكومەت كرایەوە كە هەموو هەوڵێك بخاتەگەڕ بۆ دابینكردنی ئاوی پاك و خاوێن بۆ هاوڵاتییان و چارەسەركردنی كێشە و قەیرانی كەمئاویش لەبەرچاو بگرین.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچووە و لە دەستپێكی كۆبوونەوەدا، ئاماژە بە بابەتی گفتوگۆكانی تایبەت بە ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان كرا و سەرۆكی حكومەتی هەرێم جەختیكردەوە،”لەگەڵ ئەوەداین ڕێز لە وادە یاساییەكان بگیرێت و هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و دوا نەخرێت”.

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕاپۆرتێكی تایبەت و بەرفراوانی سەبارەت بە سێكتەری ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی كوردستان خستەڕوو،باسی لە كێشە و ئاستەنگ و گرفتەكان كرد و ڕاشیگەیاند، ڕۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن و 125 هەزار مەتر سێجا ئاو دابیندەكرێت، واتە 500 لیتر بۆ هەر بەشدارێك لە ڕۆژێكدا، كە ژمارەی بەشداربووان زیاتر لە یەك ملیۆن هاوبەشە، ئەمە سەرەڕای خستنەڕووی پڕۆژەكان و كێشە و گرفتە تەكنیكییەكان و تێچووی بەرهەمهێنانی ئاو كە ساڵانە بڕی 500 ملیار دینارە لەسەر بودجەی حكومەت.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، جوتیار عادل سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ڕاپۆرتێكی پێشكەشكرد دەربارەی پڕۆژەكانی خزمەتگوزاریی گشتی كە لە تەمەنی كابینەی نۆیەم جێبەجێكراون یاخود لە قۆناغی جێبەجێكردندان و وا بڕیارە داشبۆردی ئەم زانیارییانە لە نزیكترین دەرفەتدا بخرێتە بەردەستی سەرجەم هاوڵاتییان و ڕایگشتیی لە ڕێگەی ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەك هەنگاوێكی برەودان بە شەفافیەت و زانیاریدان بە هاوڵاتییان سەبارەت بە پڕۆژەكان و چۆنیەتی دابینكردنی پارەی پێویست و دابەشبوونی جوگرافیی پڕۆژەكان لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێم لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان و شایستەبوون و دادپەروەری.

بابەتی پێشتر

ئەو تۆپهێنەرەوەیەی هازارد لێیدا ئێستا ملیۆنێرە

بابەتی دواتر

ژمارەیەك خانووی هاوڵاتییانی كورد لە كەركوك ڕووخێندران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share