وەزیرەكەی سەدر داوای لە خۆپیشاندەران كرد لە بینای ئەنجومەنی دادوەری بكشێنەوە و لەناو خێمەكانیاندا لەبەردەم پەرلەماندا بمێننەوە.
ساڵح محەمەد عێراقی كە بە وەزیرەكەی سەدر ناسراوە لە پەیامێكدا كەمێك پێش ئێستا بڵاویكردووەتەوە و ڕایگەیاند، ” دەسەڵاتی دادوەریی عێراق زۆرێك لە خۆشەویستیانی چاكسازی تێدایە كە داوای لێپێچینەوە لە گەندەڵ و گەندەڵكاران دەكەن بۆیە ئەگەر شتێكی تێكدەرانە ڕوویدابێت ئەوە بەهۆی فشاری سیاسییەوە بووە كە گەندەڵكاران بەرپرسیاران”.
وەزیرەكەی سەدر داوادەكات ، “بۆ پاراستنی ناوبانگی شۆڕشگێڕان و زیاننەگەیاندن بە گەل، ئامۆژگاریتان دەكەم بكشێنەوە و لە خێمەكانتان لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەران بمێننەوە”.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە، لایەنگرانی ڕەوتی سەدر چوونە بەردەمی بینای ئەنجومەنی باڵای دادوەری و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیان كرد،بەو هۆیەوە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق سەرجەم كارەكانی هەڵپەسارد.