سەركردەیەكی چێوەی هەماهەنگی، وەڵامی وتەكانی ئەمڕۆی سەدر دەداتەوە و تۆمەتباریان دەكات بەوەی ڕێگربوون لە چارەسەر و “بەردی سەر ڕێگا بوون”.
دوای پەیامەكەی ئەمڕۆی موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر كە چێوەی هەماهەنگیی تۆمەتباركرد بەوەی وەك پێویست بە دەم داواكارییەكەی بۆ گفتوگۆ نەچووە، سەركردەیەكی چێوەی هەماهەنگی وەڵامی دایەوە و ڕایگەیاند، “گەر مەبەست لەو كۆبوونەوە و گفتوگۆیە ماڵی شیعی بێت، ئەوا دەبێت هەموو كاربەدەستانی سەدر لە خوولەكانی پێشووی پەرلەمان و حكومەت، وەك جێگرانی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانتاران و پارێزگارەكان ئامادەی كۆبوونەوەكە ببن”.
سەدر لە پەیامەكەیدا چێوەی هەماهەنگیی بە گەندەڵی تۆمەتباركردبوو و وتبووی، “بەدەم داوای چاكسازییەوە نەهاتوون”، عەلی فەتلاوی سەركردە لە چێوەی هەماهەنگی لە وەڵامەكەیدا بۆ سەدر دەڵێت، “ئەگەر ئامانجی سەدر لە كۆبوونەوە و دانیشتن دەرخستنی گەندەڵی و كەمتەرخەمی بێت، ئەوا چەندین بەڵگە دەریدەخەن كە پێشتر ڕەوتی سەدر بەردی سەر ڕێگای زۆر پڕۆژە بووە كە خراونەتەڕوو”.
فەتلاوی جەختدەكاتەوە كە بەڵگە هەن گەندەڵی و كەمتەرخەمیی پارێزگارەكانی سەر بە ڕەوتی سەدر لە بەڕێوەبردنی پارێزگاكاندا دەسەلمێنن.