پڕۆسەی خوێندن بڕیاری لەسەر دەدرێت.. سبەی لیژنەی باڵای كۆرۆنا كۆدەبێتەوە

سەرەڕای كۆرۆنا، موچەش یەكێكە لە كێشەكانی بەردەم پڕۆسەكە

بڕیارە سبەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بۆ تاوتوێكردنی دۆخی پەتاكە لە هەرێم كۆببێتەوە و یەكێك لە بڕگەكانیشی تایبەت دەبێت بە چارەنووسی پڕۆسەی خوێندن، پارێزگاری سلێمانیش دەڵێت، لەگەڵ ئەوەین پڕۆسەكە لەژێر ڕێكارەكاندا بكرێتەوە و موچەش دابینبكرێت.

بڕیارە سبەی دووشەممە 1ی كانونی یەكەم لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بە بەشداری وەزیرانی پەیوەندیدار و پارێزگاری شارەكانی هەرێم لە هەولێر كۆببێتەوە.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە هەردوو پرسی ڕێككارەكانی خۆپارێزی و پڕۆسەی خوێندن.

پارێزگاری سلێمانی وتیشی، “وەكو پارێزگای سلێمانی لەپێشترەوە و تائێستا پێشنیارمان ئەوە بووە كە دەبێت پڕۆسەی خوێندن وەكو هەموو سێكتەرەكانی دیكە لەژێر ڕێككارە خۆپارێزی و تەندروستییەكاندا بكرێتەوە و موچەی پێویست بۆ هەموو فەرمانبەران و بەتایبەتی بۆ مامۆستایان و كەرتی تەندروستی و كەرتی پەروەردە و لایەنەكانی دیكەش تەرخان بكرێت، بۆ ئەوەی پڕۆسەی خوێندن لەمە زیاتر دوانەكەوێت”.

لە كۆبوونەوەی پێشووی لیژنەكە كە لە 1ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو بڕیاردرا دەوامی قۆناغەکانی 1 و 2ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی) تا ڕۆژی 1ی كانونی یەكەم ڕابگیرێت و، قۆناغەكانی دیكە بەشێوەی ئەلیكترۆنی لە خوێندن بەردەوام بن، هەروەك سەردانکردنی بە گروپ و ئامادەبوون لە قوتابخانەکاندا ڕابگیرێت.

هەر بەپێی بڕیارەكان لە كۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەكە، كە سبەینێ دەبێت، سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت و بڕیار لەسەر پڕۆسەكە دەدرێت، دەربارەی پێشبینییەكانیان بۆ بڕیاری سبەی لیژنەكە هەڤاڵ ئەبوبەكر وتی، “هەمووی وەستاوەتەسەر ڕاپۆرت و ئاماژە و داخوازییەكانی وەزارەتی تەندروستی، چ وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتەكانی دیكە، چ وەزارەتی پەروەردە پشت دەبەستن بەو بارودۆخ و هەڵسەنگاندن و پێشنیارانەی وەزارەتی تەندروستی پەیوەست بە پەتای كۆرۆنا بڵاویدەكاتەوە”.

سەبارەت بەوەی ئاگەر دووبارە بڕیار لەسەر دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن بدرێت، كێشەی نەدانی موچە نابێتە بەربەست، پارێزگاری سلێمانی ئەوەی خستەڕوو، “كێشەی موچە لەم وڵاتە بەداخەوە بووەتە كێشەیەكی درێژخایەن، وەكو نەخۆشییەكی لێهاتووە كە لە نەخۆشەكە نابێتەوە، بۆیە ناكرێت هەموو ژیانی نەخۆشەكە ببەستیتەوە بە چارەسەرێكەوە كە تەنها لەوانەیە توانای كەمكردنەوەی ئازاری نەخۆشییەكەی هەبێت”.

دوپاتیشیكردەوە، “بەداخەوە هەموو شتەكان ڕاستە و ئەوە مافێكی ڕەوایە و هەموومان داكۆكی لەوە دەكەین، ئەوەی زیاتر لە كۆرۆنا زیانی بە خەڵك گەیاندووە بارە ئابوری و داراییەكە و خراپ بوونی بژێوی خەڵك و دابەشنەكردنی موچەیە، چونكە زیانی گەورەی بە خەڵك گەیاندووە تەنانەت بۆ جێبەجێكردنی ڕێككارەكانیش، چونكە بۆ ئەوەی هاوڵاتییان لەگەڵماندا بن پێویستمان بەوەیە كە لە دۆخێكی دارایی وادا بێت كەبتوانێت ئەو ڕێنماییانەی جێبەجێ بكات”.

“قسەكان بەو ئاڕاستەیە بوون كە دەوام جارێكی دیكە دوابخرێت”

پێشتر موسلیم عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی لیژنەی په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵای پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ ستافی وەزارەت و بەڕێوبەرانی پەروەردە كۆبووینەوە، سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن پرسیارم كرد، وەڵامی ئەوان ئەوەیە كە هۆكاری دابەزینی توشبوون بە كۆرۆنا بەڕێژەی 60% لە هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ ڕاگرتنی دەوام، بۆیە قسەكان بەو ئاڕاستەیە بوون كە دەوام جارێكی دیكە دوابخرێت”.

ئەوەشی خستەڕوو، “لەڕاستیدا شوێنە گشتییەكان و بازاڕ و جوڵە بازرگانی و گەشتیارییەكان سەرجەمیان كراوەن، پێویست ناكات پرۆسەیەكی هەستیاری وەك خوێندن دوابخرێت”.

جێگری سەرۆكی لیژنەی په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا ئاشكراشیكرد، “من پێموایە، ڕۆژی سێشەممە كە لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم تایبەت بە پرۆسەی خوێندن كۆدەبنەوە، بڕیاری ئەوە بدەن مانگێكی دیكە خوێندن دوابخرێت”.

موسلیم عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشكرد، “بەڕای من كێشەی دواخستنی دەوام تەنها پەیوەندی بە كۆرۆناوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە دابیننەكردنی موچە و شایستە داراییەكانی فەرمانبەران و مامۆستایانیشەوە هەیە”.

بابەتی پێشتر

نرخی نەوت دابەزی

بابەتی دواتر

دیپای ده‌توانێت سوود به‌ به‌رشلۆنه‌ بگه‌یه‌نێت؟ سیدۆرف وه‌ڵامده‌داته‌وه‌..

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share