بێفڕۆكەوانی ئێرانی كەوتە شەڕی ڕوسیا و ئۆكرانیاوە

ڕاوێژكارێكی سەرۆكی ئۆكرانیا ڕایدەگەیەنێت، ڕوسیا دەستیکردووە بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگیی ئێرانی لە شەڕی دژ بە وڵاتەكەیدا.

پەیمانگای توێژینەوەی جەنگ لە زاری ئۆلێکسی ئەرستۆڤیچ ڕاوێژکاری سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، هەندێک لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لە نەوەی کۆنی “شەهید 129″ن کە ڕەنگە ڕوسیا بەکاریبهێنێت بۆ بە ئامانجگرتنی مووشەکی تۆپخانەی هیمارسی ئەمریکی کە دراوە بە ئۆکرانیا.

دەشڵێت، کەڵک وەرگرتن لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران لەلایەن هێزەکانی ڕوسیاوە لە شەڕی دژ بە ئۆكرانیا، تائێستا لەلایەن بەرپرسانی باڵای سەربازی و حکومیی ئۆکرانیاوە پشتڕاستنەکراوەتەوە.

پێشتر ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا ڕایگەیاند، ئێران لانیكەم 46 فڕۆكەی لەو جۆرەی ڕادەستی ڕوسیا كردووە.

لە 25ی تەمموزی ڕابردووش کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، شاندێکی ڕوسیا لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم دووجار سەردانی بنکەی ئاسمانی کاشان-ی کردووە.

كەناڵەكە بۆ ئەو زانیارییە پشتی بە وتەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و وێنەی مانگە دەستكردەكان بەستووە.

هاوكات لە زاری جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، زانیارییان هەیە كە حکومەتی تاران ئامادەکاری دەکات بۆ دابینکردنی چەند سەد فڕۆکەیەكی بێفڕۆکەوان بۆ ڕوسیا لەو جۆرانەی توانای هەڵگرتنی چەکیان هەیە.

لای خۆیەوە ئەرستۆڤیچ وتی، هێشتا ڕوون نییە ئایا ئەو 46 فڕۆکەیەی ئێران ڕادەستی هێزەکانی ڕوسیای جێگیرکراوی ئۆکرانیای کردووە، هەموو ئەو فڕۆکانانەن کە بڕیاربوو ڕادەستی ڕوسیا بکرێن، یان بەشێکن لەو ڕێککەوتنە.

شەممەی ڕابردووش گۆڤاری فۆربس بڵاویکردەوە، ڕەنگە ئێران فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی لە بەرامبەر وەرگرتنی فڕۆکەی جەنگیی سو-35ی ڕوسی ڕادەست كردبێت، چونکە راپۆرت هەبووە کە شارەزایانی ڕوسی ڕەوانەی ئێران كراون بۆ مەشقكردن لەسەر فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئێران، هەروەها ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران ڕەوانەی ڕوسیا كراون بۆ ڕاهێنان و ئاشنابوون بە فڕۆکەی جەنگیی سو-35.

دوای ئەوەی یەکێتیی ئەوروپا نیگەرانی دەربڕی بەرامبەر بە داواکەی ڕوسیا بۆ وەرگرتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێران، حسێن ئەمیر عەبدوللهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە 24ی تەمموزدا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئۆکرانییەکەی ڕەتیکردەوە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانی ئێرانی بۆ ڕوسیا بنێرن بۆ ئەوەی لە شەڕی ئۆکرانیادا بەکاربهێنرێن.

عەبدوللهیان لەم دواییانەدا جارێکی دیکە دووپاتیكردەوە ئێران لایەنداری لەشكركێشیی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا نییە و بەشداری لەو شەڕەدا ناكات.

بابەتی پێشتر

سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە: ناتوانین بەزۆر یەکپۆشی بەسەر خوێندکاراندا بسەپێنین

بابەتی دواتر

گەلاوێژ كەی دەكەوێت و چ پەیوەندییەكی بە دابەزینی پلەكانی گەرماوە هەیە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share