ڕاهێنەرەكەی مانچستەر یونایتد ستایشی ئاستی بەرزی ڕۆناڵدۆ دەكات و جەختیشی كردەوە كە ئەوان دەیانەوێت هەموو یارییەكان ببەنەوە.
پێش ڕووبەڕووبونەوەی برایتۆن لەخولی ئینگلتەرا كە بڕیارە سبەی كاتژمێر 4 بەڕێوەبچێت، تین هاگی ڕاهێنەری مانچستەر یونایتد بەشداری كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی كرد.
تین هاگ دوپاتیكردەوە كە بوونی ڕۆناڵدۆ بۆ ئەوان زۆر گرنگە و هیواشی خواست بمێنێتەوە.
باسیشی لەوە كرد كە ئەوان پلانیان داناوە هەموو یارییەكان ببەنەوە و لە ڕۆژی یەكشەممەشەوە هەوڵ بۆ ئەو ئامانجە دەدەن.
بەشێك لە قسەكانی تین هاگ
/ با بزانین تا یەكشەممە چی ڕوودەدات، لەوانەیە ڕۆناڵدۆ سەرەكی بیت، لەوانەشە یەدەگ بێت.
/ هێشتا ئێمە بەنیازی كڕینی یاریزانی نوێین و بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان دانەخراوە.
/ من لە پێكهاتەی مانچستەر ڕازیم، ئاستی یاریزانەكان لە ئامادەكارییەكاندا باش بوو، تیپێكی باشمان هەیە، بەڵام دەتوانین باشتری بكەین.
/ وەرزێكی دوورودرێژ لەبەردەستماندایە، پێویستمان بە یاریزانی زۆر هەیە، دەبێت یاریزانەكان لە ڕووی جەستەییەوە ئامادەبن.
/ ئەوەی زۆر گرنگە یارییەكی جوان و تۆپی پێیەكی جوان پێشكەش بكەین، دەمانەوێت هەموو یارییەكان ببەینەوە.
/ زۆر یاریزان پێش كۆتایی هاتنی یارییە دۆستانەكەی ڕایۆڤالیكانۆ ڕۆیشتبونەوە، تەنها ڕۆناڵدۆ نەبوو، من دڵخۆشم بە بوونی ڕۆناڵدۆ، ئەو هێرشبەرێكی بەتوانایە و سودی لێوەردەگرین.
/ مارسیال پێكانی هەیە و كاتی دووركەوتنەوەكەی دیار نییە.
/ ناتوانم هیچ شتێك لەسەر دی یۆنگ بڵێم چونكە یاریزانی ئێمە نییە.