لوبنان پێشنیاز بۆ عێراق دەكات ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا پەرەی پێبدرێت و سێو لە بەرامبەر سووتەمەنیدا بگۆڕنەوە.
دەستەی لوبنانی بۆ چارەسەركردنی پرسەكانی گەشەپێدان كە لە ژوورەكانی بازرگانی، پیشەسازی و كشتوكاڵ پێكدێت ڕایگەیاند، پێشنیازیكردووە سێو هەناردەی عێراق بكرێت و لە بەرامبەردا گازوایل و سووتەمەنیی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا هاوردە بكات.
لە ڕاگەیەندراوێكی فەرمیدا دەستە لوبنانییەكە دەڵێت، پێشنیازكراوە حكومەتی لوبنان سێو لە جوتیارانی وڵاتەكەی بكڕێتەوە و ڕەوانەی عێراقی بكات، حكومەتی عێراق-ـیش سووتەمەنی هەناردەی لوبنان بكات.
لوبنان لە بەرهەمهێنانی كارەبادا پشت بە سووتەمەنیی عێراقی دەبەستێت، وەلید فەیاز وەزیری وزەی لوبنان دەڵێت، “هاوردەكردنی سووتەمەنی لە عێراق-ـەوە بۆ نیوە كەمبووەتەوە و لە 80 هەزار تۆنی مانگانەوە دابەزیوە بۆ 40 هەزار تۆن، هۆكارەكەشی جیاوازیی نرخە”.