سەندیكای ڕۆژنامەنووسان لە دادگای هەولێر نیگەرانە، بەهۆی ئەوەی لە كەیسی یەكێك لە ڕۆژنامەنووسەكاندا بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری مامەڵەی نەكردووە.
لیژنەی داکۆکی لە ئازادیی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس ئەیوب وەرتی لەلایەن دادگای هەولێرەوە بڵاوكردەوە، دەڵێت، وەرتی لەسەر ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانی سكاڵای لەسەر تۆماركراوە، بۆیە پێویست بوو دادگا بەپێی یاسای 35ی تایبەت بە ڕۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەدا بكات، بەڵام دادوەر بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ماماڵەی لەگەڵ کردووە.
بۆیە سەندیكا لەو هەڵوێست و مامەڵەیەی دادگای هەولێر نیگەرانە.
دەقی ڕوونكردنەوەكەی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان:
ڕوونکردنەوەیەک لەلایەن لیژنەی داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان
تایبەت بە شێوازی مامەڵەی دادگاکان لەگەڵ رۆژنامەنوسان
لەکاتێکدا بە پێی یاسای ژمارەی 35 ی رۆژنامەگەريی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردن نیيە بۆ رۆژنامەنوسان و لەکاتی فەرمان دەرکردن بۆ دەستگیرکردنی رۆژنامەنوس دەبێت سەندیکای رۆژنامەنوسانی لێ ئاگاداربکرێتەوە، بەڵام بەداخەوە زۆرجار دادگاکان کار بەم یاساییە ناکەن لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی رۆژنامەنوسان ، پەنا بۆ یاسای تر دەبەن ، نمونەی وەک یاسای سزادانی عێراقی. دوێنی 17/7/2022 رۆژنامەنوس ئەیوب وەرتی لەسەر راپۆرتێکی رۆژنامەوانی سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت لەدادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر، کەدەبوو بەپێی یاسای 35 مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەی بکرایە، بەڵام بەداخەوە دادوەر بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ماماڵەی لەگەڵ کردوە و بەکەفالەت ئازادی کردوە، کە ئەمە پێچەوانەی یاسای ژمارە 35 ی هەرێمی کوردستانە . هەربۆیە ئێمە لە لیژنەی داکۆکی لە رۆژنامەنوسان ئەم جۆرە مامەڵەی دادگا بەپێشێلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان و رۆژنامەنوسی ناوبراو ئەژمار دەکەین و داواکارین دادگاکان کار بەیاسای ژمارە 35ی رۆژنامەگەريی هەرێمی کوردستان بکەن .
لیژنەی داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامهگەريی و مافی رۆژنامەنووسان
19/7/2022