ئەمڕۆ هەنگاوی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەستپێدەكات

ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆدەبنەوە، كاردەكەن بۆ دیاریكردنی كاتێك بۆ دانیشتنی ئەنجومەنەكە و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار.

لە دوای نوێژی هەینیی یەكگرتوویی، كە لە بەغداد و لەسەر داوای موقتەدا سەدر بەڕێوەچوو، چێوەی هەماهەنگی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی خێراتر كرد و داوای لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش كرد پەلە بكات لە دیاریكردنی ڕۆژێك بۆ كۆبوونەوە و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێ.

لەو نێوەندەدا ئەمڕۆ سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆدەبێتەوە و هەوڵدەدەن كاتێك دیاریبكەن بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەكە.

هاوكات لەگەڵ پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، شیعەكان، لە دەرەوەی سەدر، سەرقاڵی دیاریكردن و یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆكی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانن و چەند ناوێك بۆ وەرگرتنی پۆستەكە هاتوون.

بەوتەی میدیا عێراقییەكان و سەركردەكانی چێوەی هەماهەنگی، شیعەكان نزیكن لە یەكلاكردنەوەی ناوی كاندیدی سەرۆكی حكومەتی داهاتوو و دیاریكردنەكە “لە ئان و ساتدایە”.

كاندیدە دیاریكراوەكان كراونەتە دوو هێڵ، لە هێڵی یەکەمی چێوەی هاوئاهەنگیدا، ناوی هەریەک لە نوری مالکی، هادی عامری و حەیدەر عەبادی دێت بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، هەرچەندە موقتەدا سەدر پێشتر وتبووی نابێت “تاقیكراوەكان تاقیبكرێنەوە”، بەو مانایەی ئەوانەی پێشتر پۆستی سەرۆكی حكومەتیان وەرگرتووە، نابێت پۆستەكەیان پێبدرێتەوە.

لە هێڵی دووەمی كاندیدەكانیشدا چەند ناوێك هاتوون، لەوانە، محەمەد شیاع سودانی، قاسم ئەعرەجی، محەمەد سالم غەبان، ئەسعەد عیدانی، تارق نەجم و عەلی شوکری.

تا سەرۆك كۆماری نوێ بۆ عێراق هەڵنەبژێردرێت، هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ناكرێت، بەو پێیەی سەرۆك كۆمار سەرۆك وەزیران ڕادەسپێرێت، بۆیە چاوەكان سەرەتا لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێن.

تا ئێستا یاكێتی و پارتی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە ڕێكنەكەوتوون و دیار نییە لەم چەند ڕۆژە كەمەی ماوە، دەتوانن ڕێكبكەون، یان هەمان سیناریۆی ساڵی 2018 دووبارەدەبێتەوە و هەریەكە بە كاندیدی جیاواز دەچنە هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

بەڵام پارتی نایەوێت سیناریۆی ساڵی 2018 دووبارە ببێتەوە، بەو پێیەی دڵنیایە لە ئەگەرێكی لەو شێوەیە كاندیدەكەی دەنگی پێویست ناهێنێت و دووبارە یەكێتی سەركەوتوو دەبێت لە سەرخستنی كاندیدەكەی.

بابەتی پێشتر

ڕێژەی مردن بەهۆیەوە 90%ـە.. تەندروستیی جیهانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی ڕاگەیاند

بابەتی دواتر

لوتكەی سێ قۆڵی ڕوسیا، توركیا و ئێران لەبارەی دۆخی سوریا ئەنجام دەدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share