بایدن: سەقامگیری و سەروەریی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا گرنگە

سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەمریكا كۆبوونەوە و بایدن جەختیكردەوە لەسەر گرنگیی سەقامگیری و سەروەریی عێراق و هەرێمی كوردستان.

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ لە جەددەی سعودیە لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لەسەر پابەندیی هاوبەشیی دووقۆڵی نێوان عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكان بەپێی ڕێككەوتنی ستراتیجی كردەوە.

كۆبوونەوەكە لە پەراوێزی لوتكەی ویلایەتە یەكگرتووەكان، وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو و عێراق و میسر و ئوردن-ە كە ئەمڕۆ لە سعودیە ئەنجامدەدرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی هاوبەش، هەردوولا جەختیانكردەوە لەسەر گرنگیی پێكهێنانی حكومەتی نوێ كە وەڵامدەرەوەی ئیرادەی گەلی عێراق بێت، ڕێز لە دیموكراسیەتی عێراق و سەروەرییەكەی بگرێت.

لای خۆیەوە جۆ بایدن جەختیكردەوە لەسەر گرنگیپێدانی ئەمریكا بە بوونی عێراقێكی سەقامگیر، سەركەوتوو و خاوەن سەروەری، ئەوەش هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.

هەردوو سەرۆك لەسەر هەماهەنگی پتەو لەبواری سەربازی و ئەمنی ڕێككەوتن، جگە لە جەختكردنەوە لەسەر بونیادنانی عێراق لە بواری ئابوری، پەرەپێدانی سەرچاوەكانی وزە، چارەسەری گۆڕانی ئاووهەوا لەنێویشیاندا ئاسایشی ئاو، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share