دەنگۆی هەڵاتنی هەندێك لە خێزانە گەڕێندراوەكانی كەمپی هۆل ڕەتدەكرێتەوە

خەفاجی: خۆیان ویستی گەڕانەوەیان بۆ وڵات نیشانداوە

فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەكانی عێراق دەنگۆی هەڵاتنی شەش خێزان پاش گەڕاندنەوەیان لە كەمپی هۆل ڕەتدەكاتەوە و گەڕانەوەی سەرجەم خێزانە عێراقییەكانی كەمپەكەش ڕادەگەیەنێت.

لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژ بەناوی فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەكان ڕایگەیاند، هەندێك زانیاری، كە بڵاودەكرێنەوە دەربارەی هەڵاتنی شەش خێزانی كەمپی جدعە لە موسڵ، كە پێشتر لە كەمپی هۆل گەڕێندراونەتەوە، ڕاست نین.

خەفاجی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق وتیشی، “سەرجەم خێزانەكان، كە ژمارەیان 94 خێزانە لەئێستادا لە سەنتەری سەرلەنوێ ڕاهێنانەوەدان لە موسڵ”، دوپاتیشكردەوە، ئەوانە خێزانی بەڕەگەز عێراقین و هیچ خێزانێكی غەیرە عێراقییان تیادا نییە و سەرجەمیشیان بەدواداچوونی ئەمنییان بۆ كراوە.

خێزانەكان بەهۆی ئەو بارودۆخەی بەسەر عێراقدا هاتوون، هەروەها بەهۆی پڕۆسە سەربازییەكانەوە بەشێوەیەكی سروشتی بەرەو دەرەوەی وڵات ئاوارەبوون، وەك ئەوەی وتەبێژەكەی فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەكان ئاماژەی پێدا و ئاشكراشیكرد، هەر خۆیان ویستی گەڕانەوەیان بۆ وڵات نیشانداوە.

دوپاتیشیكردەوە، ئەو خێزانانە بەشدارییان لە شەڕكردن لەگەڵ داعشدا نەكردووە و، دەستیان بە خوێن سوور نەبووە.

خێزانە گەڕاوەكان بەشێكیان خەڵكی موسڵن و هەندێكی دیكەشیان خەڵكی دیالە، سەڵاحەدین، ئەنبار و كەركوكن.

داوای ڕزگاركردنی منداڵانی كەمپی هۆل دەكرێت

هەفتەی ڕابردوو ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەبووەكانی كەمپی هۆڵ بۆ ناوچە بنەڕەتییەكانیان لە موسڵ درێژەی هەیە و هەنگاوێكی نوێ نییە.

وتیشی، “دواكەوتنی گەڕانەوەی خێزانەكان لە كەمپەكەوە دەگەڕێتەوە بۆ تەرخانی دارایی و پێداچوونەوەی ئەمنی و پەتای كۆرۆنا، ئەو هۆكارانە ڕێگربوون لە بابەتەكەدا”.

کامپی هۆل لە ڕۆژئاوای كوردستانە، نزیكەی 70 هەزار كەس لە خێزانی چەكدارانی داعشی لێیە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گلەیی ئەوەی هەیە، كە چیتر ناتوانێت بەردەوام بێت لە پاراستنی كامپەكە و هاوكارییە نێودەوڵەتییەكانیش وەك پێویست نین بۆ بەڕێوەبردنی.

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داواش لە وڵاتان دەكات ئەو خێزانانەی ئەندامانی داعش ببەنەوە وڵاتەكانی خۆیان، بەڵام زۆرێك لە وڵاتان هیچ هەنگاوێكیان لەو بارەیەوە نەناوە.

بابەتی پێشتر

كەڕووی ڕەش چییە؟ هۆی توشبوون و نیشانەكانی چین؟

بابەتی دواتر

بانكی نێودەوڵەتی 12 ملیار دۆلار بۆ دابینكردنی ڤاكسین بۆ وڵاتانی هەژار تەرخاندەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share