بەبۆنەی تێپەربوونی سێ ساڵ بەسەر تەمەنی كابینەی نۆیەم، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، دەمانەوێت لە كوردستانێكدا بژین كە شانازی پێوە بكەین لە ئێستاشدا 490 خزمەتگوزاریی تاك و تایبەت لە نێوان حكومەت و هاوڵاتییاندا هەن و بناغەی كارنامەی كابینەی نۆیەم خزمەتكردن و چاكسازییە.
ڕاشیگەیاند، لەو چوارچێوەیەدا بەندە و نووسینگەكەم، دەستمان بردووە بۆ چەند دۆسیەیەك كە خزمەت بەو ئامانجە دەگەیەنێت ھەم بەردەوامبووین لە جێبەجێكردنی پڕۆگرامی بایۆمەتری كە لەم كابینەیەدا بە خۆشحاڵیەوە قۆناغی دووەمی بایۆمەتریمان دەستپێكرد و قۆناغی دووەمی بایۆمەتریش بریتییە لە ڕێكخستنەوەی میلاكاتی ھەموو حكومەتی ھەرێم لەو چوارچێوەیەدا بۆ ھەر مووچەخۆرێكی ھەرێمی كوردستان ژمارەی كەسی بێهاوتامان پێشكەشكرد.
وتیشی ئەو ژمارەیە دەبێتە دەستپێك بۆ حكومەتێكی ئەلیكترۆنی، كە سبەینێ ھەر مووچەخۆرێك بتوانێت لە ڕێگای ئەو ژمارەیەوە چەندین خزمەتگوزاریی پێبگات. ئێمە كە بەرەو حكومەتێكی دیجیتاڵی دەڕۆین ئەو خزمەتگوزارییانە كە پێشكەشی ھاوڵاتییانی دەكەین باشتر و خێراتر و شەفافتر دەبن.
لەو پێناوەشدا بەرنامەی خزمەت كە بەرنامەیەكی حكومەتی ھەرێمە، لەم كابینەیەدا پەرەیپێدرا. بەرنامەی خزمەت پێكھاتووە لە پێداچوونەوە بەھەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی كە حكومەت پێشكەشیدەكات بە ھاوڵاتییان، كە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 490 خزمەتگوزاری تاك و تایبەت لە نێوان حكومەت و ھاوڵاتیياندا هەن.
جێگری سەرۆك وەزیران وتی، “داوامان لە ھەموو وەزارەتەكان كردووە، پێداچوونەوە بە ھەموو ئەو خزمەتگوزارییانە بكەن، تاكو ئەو خزمەتگوزارییانە خێراتر و شەفافتر و باشتر بگەیەنرێتە ھاوڵاتییان. ئەم خزمەتگوزارییانە ھەموو كۆكراونەتەوە، ھەموو یەكسانكراون تاكو خزمەتێك لە دھۆك بە ھەمان شێوەی سلێمانی پێشكەشبكرێت، كە كۆكراونەتەوە لە پۆرتاڵی خزمەت ڕاگەیەندراون، كە ئەمڕۆ ئەو پۆرتاڵە بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی لە ئینتەرنێت هەن لەژێر دروشمی خۆی. ئەم بەرنامەیە دەبێتە دەستپێكێك بۆ حكومەتێكی ئەلیكترۆنی و گەیاندنی ھەندێك خزمەتگوزاری لە ڕێگای ئەلیكترۆنییەوە ڕۆتین كەمدەكاتەوە و شەفافیەت زیاد دەكات.