بایكۆت راگەیەندرا و هۆشداریی توند بە حكومەت دەدرێت

پزیشكانی نیشتەجێی خولاو لە نەخۆشخانەكانی هەولێر، سلێمانی، كۆیە، راپەڕین، گەرمیان و سۆران لەپێناو دامەزرانی دەرچووانی ساڵی رابردووی كۆلێژی پزیشكی و دووبارە رێككردنەوەی سیستمی پلەبەندی پزیشكی لە سەرجەم نەخۆشخانە حكومییەكان و فریاكەوتنەكان بایكۆتی كارەكانیان كرد.

لە راگەیەندراوێكی پزیشكانی نیشتەجێی خولاو كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ماوەی شەش مانگە دۆخێكی چەقبەستوو درووستبووە بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشكانی تازە دەرچوو، بەجۆرێك سەرجەم پزیشكانی ساڵی یەكەم و دووەم و سێیەم تا پزیشكانی پایە بڵند بەوهۆیەوە ماوەی شەش مانگە لە دەرەوەی ناونیشان و ئەركی پزیشكیمان خزمەتدەكەین و لە شوێنەكانی خۆمان ماوینەتەوە.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، ئێمە وەكو پزیشكانی نیشتەجێی خولاوی ساڵی یەكەم و دووەم لەماوەی رابردوو هەموو رێگایەكی یاسایی و مەدەنیمان گرتەبەر لە بەرامبەر ئەم دۆخە كە مەترسی دروستدەكات لەسەر سیستمی تەندروستیی كوردستان، لە كۆتا هەڵوێست بەیاننامەیەكمان بە ناو و واژووی 1600 پزیشك لەسەرتاسەری كوردستان لە گردبوونەوەیەك پێشكەشی لایەنی پەیوەندیداركرد.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، وەزارەتی تەندروستی نەك هیچ پلانێكی نییە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، بەڵكو بەبێ حسابكردن بۆ رای ئێمەی پزیشك، تاك لایەنانە هەستاون بەشێواندنی سیستمی پلەبەندی پزیشكی، بەجۆرێك كە پزیشكانی ساڵی یەكەم و دووەم ناچاردەكات دەوامی سێ خولی پزیشكی بخەنە ئەستۆی خۆیان، بەبێ هەڵسەنگاندنێكی ورد و حسابكردن بۆ لێكەوتە و كورتخایەن و درێژخایەنەكان و ئەو لۆدە زۆرەی كە دەكەوێتە سەر پزیشكان.

دەشڵێن، “لێرەوە رایدەگەیەنین كە لە 7ی ئەم مانگەوە بایكۆتی دەوامكردن لە سەرجەم فریاكەوتن و نەخۆشخانەكانی هەولێر، سلێمانی، سۆران، كۆیە، راپەڕین و گەرمیان بە هەموو بەشەكانیانەوە رادەگەیەنین تاوەكو جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان”.

داواكارییەكان بریتین لە:

1.وەستاندنی سیستمی نوێی شیفتكردن بۆ پلەبەندی.

2. بەشێوەیەكی رەسمی كاتێك دیاریبكرێت بۆ دامەزراندنی پزیشكانی نوێ و كۆتاییهێنان بەو دۆخە چەقبەستووە بە زووترین كات.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share