پارێزگاری سلێمانی: داواکارین بەخێرایی قەیرانی کارەبا چارەسەربکرێت

پارێزگاری سلێمانی داوای چارەسەری خێرای قەیرانی کارەبا لە هەرێم دەکات و دەڵێت” کەمی کارەبا زیانی گەورە بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پیشەسازیی خۆماڵیی و جوڵەی بازرگانیش دەگەیەنێت”.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، “لەم رۆژانەدا دۆخی کارەبای نیشتمانیی زۆر خراپ بووە، لە 24 کاتژمێری رابردوودا لە ناو شاری سلێمانی کەمتر لە حەوت کاتژمێر کارەبا هەبووە”.

ئاماژە بەوەش دەکات، دۆخی کارەبا لە هەموو پارێزگاکەشدا لە دۆخێکی خراپدایە، کەمکردنەوەی رێژەی بڕە مێگاواتی دابەشکراوی شارەکان، چاوەڕواننەکراوانە ئاستی هەبوونی کارەبای گەیاندووەتە کەمترین ئاست، ئەم دۆخە پێویستیی بە بڕیاری خێراو چارەسەرکردنی بنەڕەتییانە هەیە، چونکە جگە لەوەی ناتوانرێت خواست و پێداویستیی هاوڵاتییان دابینبکات، لە هەمان کاتیشدا زیانی گەورە بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پیشەسازیی خۆماڵیی و جوڵەی بازرگانیش دەگەیەنێت.

پارێزگاری سلێمانی دەڵێت،”داواکارین بەخێرایی ئەم قەیرانە نوێیە چارەسەربکرێت و بارگرانیی زیاتر بە دوای خۆیدا نەهێنێت”.

وتەکانی پارێزگاری سلێمانی لەکاتێکدایە، ماوەیەکە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانیی کەمبووەتەوە و ئەوەش نیگەرانی لای هاوڵاتییان دروستکردووە.

بابەتی پێشتر

سبەینێ نەوت لە گەڕەکێکی سلێمانی دابەشدەکرێت

بابەتی دواتر

مامۆستایانی ناڕازی: یەکشەممە لە بەغداد و دووشەممە لە شەقام دەبین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share