بەڕێوەبەری بازرگانیی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی هەڵگرتنی باج و ڕسوومات لەسەر ماددە خۆراكییەكان ژمارەیەكی زۆر لە بازرگانان و سەرمایەداران لە هەرێمی كوردستان داوای مۆڵەتیان كردووە بۆ هاوردەكردنی شمەك و ماددە خۆراكییەكان و جەختیشدەكاتەوە لە چەند مانگی داهاتوودا نرخەكانیان هەرزاندەبێت.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری بازرگانیی هەرێم لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕایگەیاند، ماوەی چەند مانگێكە ژمارەیەك لە سەرمایەداران و بازرگانان داوای مۆڵەتیان كردووە كە شمەك و ماددە خۆراكییەكان هاوردەی هەرێمی كوردستان بكەن كە ئەوەش پەیوەندی بە بڕیارەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە تایبەت بە هەڵگرتنی باج و ڕسوومات لەسەر ماددە خۆراكییەكان و پێشتر لە 16ی نیسانی ئەمساڵەوە تاوەكو 16ی حوزەیران بڕیاری هەڵگرتنی باج لەسەر ماددە خۆراكییەكان درابوو و جارێكی دیكەش حكومەت بڕیارەكەی درێژكردەوە.
ڕاشیگەیاند، لە كۆگاكانی هەرێمی كوردستان ماددەی خۆراكی پێویست هەن و ئەو بازرگان و سەرمایەدارانەی داوایانكردووە شمەك و ماددە خۆراكییەكان هاوردە بكەن كاریگەری ئەرێنێ لەسەر دابەزاندنی نرخەكانیان دەبێت، چونكە هەر ماددەیەكی خۆراكی لە بازاڕدا زیاد بێت خواست لەسەری كەمدەكات و ئەوەش وادەكات نرخەكەیان هەرزانبێت و بۆ ئەوەش لە چەند مانگی داهاتوودا كاریگەرییەكانیان دەردەكەوێت.