وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرایدەكات، بەغداد ڕێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەگرێتەبەر بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم كە لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكاندا ئەنجامدراون.
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، سەرجەم گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان “نایاسایین” و پێشتر دادگەی فیدڕاڵیی عێراق یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانی بە “نادەستووری” لە قەڵەمداوە و فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە دەچێتە خانەی بەقاچاخبردنی نەوتەوە.
وەزیری نەوتی عێراق ڕاشیگەیاند، “هەموو ڕێوشوێنێك دژی ئەو 17 كۆمپانیایە دەگرنەبەر كە لە هەولێر كار دەكەن و ئەو كۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیە سەرەتا بە نووسراو ئاگاداردەكرێنەوە و ئەگەر پابەندی بڕیارەكە نەبن دواتر ڕێوشوێنی توندیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.