بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد چاویکەوت بە سەید عەمار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمە.
لە دیدارێکدا کە دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و ڕزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەیسەڵ کەریم خانی برادۆست ئامادەیبوون، گفتوگۆکرا لەبارەی زاڵبوون بەسەر ئاستەنگە سیاسییەکان، چارەسەرکردنی کێشەکان و یەکخستنی ھەوڵەكان بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عیراق و تەواوکردنی ھەنگاوە دەستوورییەکان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مكوڕبوونی یەکێتی بۆ ڕەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی بونیادنەرانە دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، بەشداریكردنی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان لە حكومەتدا فاكتەرێكی گرنگی سەقامگیرییە و دەبێت هەموومان پێكەوە هەوڵ بۆ داهاتوویەكی گەشتر بدەین.
لە بەرامبەردا سەید عەمار حەکیم بە گرنگییەوە باسی لە پێگە و هەوڵەکانی سەرۆک بافڵ کرد لە لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان و پێکهێنانی حکومەت و وتی، یەکێتی هێزێکی گرنگ و کاریگەرە و مێژوو ئەمەی سەلماندووە. ڕۆڵی گرنگی بینیوە لە بەگژداچوونەوەی دیکتاتۆرییەت و ئامادەیی تەواوی هەبووە لە ڕووداوە سیاسییەکاندا. ڕابەری کۆچکردوو سەرۆک مام جەلال هەمووانی لە ژێر سایەی حەکیمانەی خۆیدا کۆکردبووەوە و عێراقی بردە قۆناغێکی نوێی تەبایی و پێکەوەژیانەوە. بۆیە ئێستاش پێویستمان بە هەمان ڕوانینە بۆ سیاسەت و دڵنیاین یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان درێژەپێدەری ئەو ڕێبازە دەبێت.