وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەڵێت، وادەی دابەشكردنی مووچە پەیوەستە بە وەزارەتی داراییەوە و پابەندییەكی حكومەتیش دووپاتدەكاتەوە.
جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، دابەشكردنی مووچە پەیوەستە بە وەزارەتی داراییەوە.
وتیشی، وەكو حكومەت پێشتر ڕامانگەیاندووە كە لە داهاتدا ئەولەویەت بۆ مووچەیە.
جوتیار عادل لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنووسان دەربارەی ئەوەی ئایا پێش جەژن مووچە دابەشدەكرێت ئەوەی خستەڕوو كە چاوەڕوانی وەزارەتی دارایی دەكەن ئەو وادەیە دیاریبكات.
بەپێی زانیارییەكان كە پێشتر بە تۆڕی میدیایی ئێستا دراون، بەوپێیەی جەژنی قوربانی ئەمساڵ دەكەوێتە 9 بۆ 10ی مانگی تەمموزەوە، چاوەڕواندەكرێت مووچەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵی بەشێك لە وەزارەتەكان بەر لە جەژن دابەشبكرێت و بەشێكی دیكەی وەزارەت و دەستەكان پێدانی مووچەكەیان بكەوێتە دوای جەژنەوە.
دوێنێ عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، پارەی پێویست بۆ مووچەی هەر مانگێك 620 ملیۆن دۆلارە و هاوپەیمانان 22 ملیۆن دۆلار دابیندەكەن و ڕاستەوخۆ مووچەی وەزارەتی پێشمەرگەی پێدەدرێت.
ئاشكرایكرد، پارەی پێویست بۆ مووچە كە حكومەتی هەرێم دابینیدەكات 598 ملیار دۆلارە، داهاتی نەوت كە بۆ مووچە بەكاردێت 500 ملیۆن دۆلار بەردەستە و داهاتی ناوخۆ نزیكەی 218 ملیۆن دینارە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ مووچەی مانگی 6ی ئەمساڵ داهاتی پێویست لەبەردەستە و دەبێت مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بەر لە جەژن دابەشبكرێت.