سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، چاوەڕواندەكرێت لە سێ بۆ چوار هەفتەی داهاتوودا گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی ڕابگەیەنرێت و ئاشكرایدەكات كۆمپانیایەكی بواری نەوت لە هەرێم دادەمەزرێت و ئەو هەنگاوەش كاریگەری لەسەر ڕێككەوتنی هەرێم و بەغداد دەبێت.
هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “نیگەرانین بە كشانەوەی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمان، بەڵام بڕیار لای خۆیانە و پەرلەمان شوێنی یەكلاكردنەوەی كێشەكانە و ئەنجامدانی چاكسازی هەر لە پەرلەمانەوە دەبێت نەك فشاری شەقام”.
ئاشكرایكرد، چاوەڕواندەكرێت نەخشەی سیاسیی عێراق بگۆڕدرێت و لە سێ بۆ چوار هەفتەی داهاتوودا گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی ڕابگەیەندرێت و سەرۆك وەزیرانی عێراق دیاریبكرێت.
لەبارەی كێشەكانی هەرێم و بەغدادیشەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە بەغداد وتی، ” بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی نەوتەوە دەبێت جێبەجێبكرێت و هەرێمی كوردستان دەتوانێت بە دانوستاندن و دەركردنی یاسای نەوت و گاز ئەو كێشەیە لەگەڵ بەغداد چارەسەر بكات”.
هەرێم كەمال ئاغا، باسی لەوەشكرد، ” كۆمپانیایەكی بواری نەوت لە هەرێم دادەمەزرێت كە سەر بە كۆمپانیای سۆمۆ دەبێت و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق سەرپەرشتی دەكات و لەم قۆناغە دەبێت هەرێم بەو پێشنیازە ڕەزامەند بێت و لەدانوستانەكانیاندا ئەو پێشنیازە گەڵاڵەكراوە”.