چێوەی هەماهەنگی پاڵپشتیی كاندیدی یەكێتی دەكات
پەرلەمانتارێك: سازانی سیاسی لەنێوان چێوە و سوننەكان هەیە

پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانیی فەتح ڕایدەگەیەنێت، سازانی سیاسی لەنێوان چێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەكان هەیە و دەشڵێت، پشتیوانیی كاندیدی یەكێتی دەكەن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

ئەحمەد عەبدولحسێن پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی فەتح ڕایگەیاند، سازانێکی سیاسیی لەنێوان چێوەی هەماهەنگی‌ و هاوپەیمانی سەروەری هەیە بۆئەوەی هەنگاو بەرەو پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو بنرێت.

بە وتەی ئەو هەردوولا لەیەکتێگەیشتنی نوێ لەنێوانیاندا هەیە و “گەیشتوونەتە قۆناغی سازانی سیاسی، بەتایبەت دوای کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە پڕۆسەی سیاسی”.

عەبدولحسێن لە لێدوانێكدا بۆ میدیا عێراقییەكان ئەوەشی خستەڕوو، چێوەی هەماهەنگی پشتیوانیی کاندیدی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکات بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار.

ڕوونیشیكردووەتەوە، ئەگەر ناکۆکییەکانی نێوان پارتى‌ و یه‌كێتى لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار بەردەوامبێت، “ئەوە هاوشێوەی خولی پێشووتر هەر پارتە و کاندیدی خۆی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات‌ و دواتر به‌ده‌نگدان ئه‌و پرسه‌ یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌”.

ئەو لێدوانە لەكاتێكدایە بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران كۆببێتەوە بۆ سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی نوێ لە جێگای پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی ڕەوتی سەدر.

دانیشتنەكە نائاساییە و لەسەر داوای ژمارەیەك پەرلەمانتاری چێوەی هەماهەنگی بۆ شوێنگرتنەوەی پەرلەمانتارانی دەستلەكاركێشاوە گرێدەدرێت.

هاوپەیمانیی (سەروەری)ی سوننەكان لە ڕاگەیەندراوێكدا بەشداربوونی خۆی ئاشكراكرد.

(سەروەری) كە لە هەردوو فراکسیۆنى تەقەدوم و عەزم-ی محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر پێكدێت، دوای كۆبوونەوەیەكی ئێوارەی دوێنێ لە ماڵی حەلبوسی ئەو بڕیارەی داوە.

هاوپەیمانییەكە، لەگەڵ پارتی و ڕەوتی سەدر هاوپەیمانییەكیان بەناوی (ڕزگاریی نیشتمان) پێكهێنابوو، بڕیاربوو هەماهەنگی و هەنگاوی پێكەوەییان هەبێت.

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا فراكسیۆنی پارتی-ش لەلایەن سەركردایەتیی حزبەكەیانەوە بڕیاریان پێدراوە بەشداریی دانیشتنەكە بكەن.

ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا زانیارییەكەی نە پشتڕاستكردەوە نە ڕەتیكردەوە و تەنها ئەوەندەی وت كە “لە بەغدادن”.

ڕۆژی چوارشەممە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران داوای لە كاندیدانی سەرنەكەوتووی خاوەن زۆرترین دەنگ كرد كە دەبنە جێگرەوەی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی سەدر ئامادەی كۆبوونەوەی پێنجشەممەی ئەنجومەن بن.

دەستەی سەرۆكایەتی بڵاویكردەوە دانیشتنەكە نائاساییە و بەپێی ماددەی 58/ یەكەمی دەستوور لەسەر داواكاری ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەن لە كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ ئەنجامدەدرێت.

بابەتی پێشتر

توركیا گوندەكانی دەوروبەری عەفرین بۆردوماندەكات

بابەتی دواتر

کۆگای بیکۆ لە سلێمانی داخرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سودانی دەچێتە دەرەوە

محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەرەو ئوردن بەڕێكەوت. ئەمڕۆ سێشەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە…
Total
0
Share