پەرلەمانتارێكی پێشوو: باشترین بژاردە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختەیە

ئەندامێكی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران پێیوایە پێكهێنانی حكومەت بەبێ ڕەوتی سەدر سەركەوتوو نابێت و دەڵێت، باشترین بژاردە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و هەڵبژاردنی پێشوەختەیە.

ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیارە سبەی پێنجشەممە 73 پەرلەمانتاری جێگرەوە سوێندی یاسایی بخۆن، پاشان ڕێکكارەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەت دەستپێبکات.

بڕوای خۆیشی نیشاندەدات بەوەی “هیچ حکومەتێک سەرکەوتوو نابێت لە غیابی ڕەوتی سەدر” جگە لەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی ئایندەش شەرعیەتی 32%ی دەنگدەرانیان لەدەستداوە.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو ئەوەی خستەڕوو، باشترین، ساناترین و بێکێشەترین چارەسەر ئەوەیە چێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانەکانی هەوڵی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بدەن لەبەر ڕۆشنایی ڕاسپاردەی دادگای فیدڕاڵی و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و هەڵبژاردنی پێشوەخت بدرێت.

بڕیارە سبەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دیاریكردن و سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی نوێ لەجێی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی ڕەوتی سەدر كۆببێتەوە.

ماوەی زیاتر لە هەشت مانگە هەڵبژاردنی گشتیی لە عێراق ئەنجامدراوە، تائێستا هیچ لایەنێك لە هەوڵی پێكهێنانی حكومەتدا سەركەوتوو نەبووە، پێشتر ڕەوتی سەدر بە پاڵپشتی پارتی و ژمارەیەك لە هێزەكانی سوننە هاوپەیمانییەكیان پێكهێنا بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە، بەڵام بەهۆی نەبوونی كورسیی پێویستی پەرلەمان شكستیان هێنا.

بەمدواییە پاش بڕیاری ڕەوتی سەدر بە كشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی، چێوەی هەماهەنگی و لایەنەكانی دیكە هەنگاوەكانیان بەو ئاراستەیەدا دەستپێكردووە، بەڵام ئالنگارییەكان و مەترسی لەبارەی ڕووداوەكانی ئایندە جوڵەكانیانی سست كردووە.

 

بابەتی پێشتر

هێڵەكانی ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستان ڕادەگیرێن

بابەتی دواتر

دایكێك لەكاتی هەوڵدان بۆ ڕزگاركردنی منداڵەكەی خنكا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share