ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی پەنابەرانە

ژمارەی پەنابەران لە جیهاندا 100 ملیۆنی تێپەڕاندووە

ئەمڕۆ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە ڕۆژی جیهانیی پەنابەران دانراوە، لە 20ی حوزەیرانی 2001دا نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ڕۆژەی وەک ڕۆژی جیهانیی پەنابەران دیاریکرد، کە هاوکاتە لەگەڵ پەنجا ساڵەی ڕێککەوتننامەی 1951ی تایبەت بە دۆخی پەنابەران.

نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕێزلێنان لە پەنابەران لەسەرتاسەری جیهاندا ئەو ڕۆژەی دیاریکردووە، بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەمساڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەر خولەکێکدا 20 کەس شوێنەکانیان بەجێدەهێڵن بەشێوەی زۆرەملێ چ بەهۆی جەنگ، توندوتیژی یان تیرۆرەوەبێت.

بەپێی هەڵسەنگاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان پەنابەران خراپترین دۆخیان هەیە لە جیهاندا، بەپێی ڕێککەوتنی ساڵی 1951 بۆ پەنابەران و پرۆتۆکۆلی 1967 پارێزگاری لە مافی پەنابەران دەکرێت، بەوپێیە دەبێت هەر وڵاتێک هەمان ماف و مامەڵە لەگەڵ پەنابەراندا بکات کە لەگەڵ بیانییەکانی دیکە یان هاوڵاتییەکانی دەیکات.

بەپێی ڕێککەوتننامەی 1951 کە ماف و ئەرکەکانی پەنابەرانی دیاریکردووە، نابێت هیچ وڵاتێک بە زۆرەملێ پەنابەر بگەڕێنێتەوە بۆ شوێنە بنەڕەتییەکانیان، نابێت پەنابەر ڕەوانەی وڵاتێکی دیکە بکرێت ئەگەر لەو وڵاتە  ڕووبەڕووی مەترسی و هەڕەشە لەسەر ژیان و ئازادیی ببێتەوە.

لەبەرامبەردا پەنابەر ئەرکە لەسەری کە نەبێتە سەرچاوەی مەترسی بۆ ئاسایشی ئەو وڵاتەی لێی دەمێنێتەوە، تاوانی گەورە ئەنجامنەدات و نەبێتە مەترسی بۆ سەر کۆمەڵگا.

بە پێی دوایین ئامارەکانی زیاتر لە 100 ملیۆن کەس لە جیهاندا پەنابەرن  و ژمارەیەکی زۆریان ژن و منداڵن.

ئەم ساڵ شەڕی ئۆکرانیا بە هۆکاری یەکەمی بەرزبوونەوەی ڕێژەی پەنابەران لە جیهاندا دادەنرێت.

ئەمڕۆ دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ئاماری ئاوارە و پەنابەرانی عێراقیی لە هەشت ساڵی ڕابردوودا بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە لەو ماوەیەدا 690 هەزار و 444 هاوڵاتیی عێراقی بوون بە پەنابەر.

هەروەها 316 پەنابەری عێراقی گیانیان لەدەستداوە، 225 کەس بێسەروشوێن بوون.

لەمساڵدا 20 هەزار و 846 هاوڵاتیی عێراقی بوون بە پەنابەر و 19 پەنابەری عێراقی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها پێنج پەنابەریش بێسەروشوێن بوون.

بابەتی پێشتر

ژنانی گەریلا 20 سەربازی توركیایان كوشت

بابەتی دواتر

"ئەپڵ بە مەبەست ئایفۆن خاودەكاتەوە بۆ ئەوەی بەكارهێنەران ئامێری نوێ بكڕن"

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share