سامانە سروشتییەكان بەڵێنی دادپەروەری لە دابەشكردنی بەنزین بەسەر شارەكاندا دەدات

كۆبوونەوەی لیژنەی وزەی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان

لیژنەی وزەی پەرلەمان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تایبەت بە كێشە و گرفتیی سوتەمەنی كۆبووەوە و سەرۆكی لیژنەكە ناوەرۆك و ئەنجامەكەی ئاشكرادەكات.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکان و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حكومەتی هەرێم ئەنجامدا.

عەلی حەمەساڵح سەرۆكی لیژنەكە ڕایگەیاند، خواستی ڕۆژانە لەسەر بەنزین پێنج بۆ شەش ملیۆن لیترە، لیژنەکەیان بە وردی باسی کوالێتی و نرخ و پێداویستیی خەڵکی کرد بۆ بەنزین و پێداگیریکرد لەسەر کوالێتیەکی باش بە نرخێکی گونجاو.

وتیشی، “بڕیاری وەزارەت لەئێستادا ئەوەیە، بڕی یەک ملیۆن لیتر بەنزینی 690 دیناری بە دادپەروەری بەسەر سەرجەم پارێزگاكاندا دابەشبكرێت، هەوڵدەدرێت ئاستی بەرهەمی بەنزینی 800 دیناریش ڕۆژانە بگەیەندرێتە سێ ملیۆن لیتر”.

عەلی حەمەساڵح ڕوونیكردەوە، بڕیارە لە ماوەی ئایندەدا پاڵاوگەی لاناز بەنزین بەرهەم بهێنێت، داوایانکردووە ئەو بەنزینەش بە سیستم و نرخێکی گونجاو بەسەر سەرجەم شارەكاندا دابەشبکرێت.

هاوكات داواكراوە بە پشتبەستن بە پاڵاوتنی ناوخۆ بەرهەمی بەنزین زیادبکرێت، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە دەکەن، بەڵام بڕی هەناردەکردن کەمبکەنەوە کاریگەری لە داهات دەکات بۆ مووچە و پێشتریش گرێبەستیان لەگەڵ کڕیاران کردووە، سەرۆكی لیژنەی وزە وای وت.

سەبارەت بە گازوایل-یش ڕوونیكردەوە، لەئێستادا جگە لە بەرزبوونەوەی نرخەکەی، ڕۆن و ماددەی دیکە تێکەڵدەکرێت وەک گازوایل دەفرۆشرێت، بەکارهێنانی لەلایەن مۆلیدەی گەڕەکەکانەوە زیانی زۆری بە تەندروستیی هاوڵاتییان گەیاندووە و داوایانكردوە ئەو گازوایلەی دەبرێتە دەرەوە لە ناوخۆدا بەکاربهێندرێت، بڕیارە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەدواداچوون بکات، وەزارەت ڕایانگەیاندووە تێکەڵکردنی ئەو ماددانە تاوانە.

سەبارەت بە غازی (LPG)یش عەلی حەمەساڵح ڕایگەیاند، بۆ غازی ماڵان، بازرگانی و ئەو غازەی بۆ ئۆتۆمبێل بەکاردێت، لەئێستادا ڕۆژانە نزیکەی (1100 تەن بەرهەمە) و بڕیارە ئەمساڵ (250 تەن)ی دیکە بۆ ئەم بڕە زیادبکرێت. وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕایگەیاندووە كە پلانێک ئامادەدەکات بۆ سوودبینین لە غاز بۆ دابینکردنی بەرهەمی ناوخۆ پێش هەناردەکردنی بۆ دەرەوە.

بابەتی پێشتر

تەرمی شەهیدەكانی بۆردوومانەكەی توركیا لە كەلار برانەوە ڕۆژئاوا

بابەتی دواتر

10 حاڵەتی كۆلێرا تۆماركراوە<br> باری لەناكاو لە سلێمانی ڕاگەیەندرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share