پارێزگای هەولێر بڵاویكردووەتەوە، 26 بەنزینخانە بەهۆی فرۆشتنی بەنزینی خراپ و دەستكاریكردنی كوالیتییەكەی سزادراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی پارێزگای هەولێر تێیدا هاتووە، بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بە هاوڵاتییان و لەبەرامبەر دەستكاریكردنی كوالیتی بەنزین، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا 26 بەنزینخانەی دیكە لە هەولێر و دەوروبەری لەلایەن لیژنەی پشكنین و چاودێریكردنی بەنزینخانەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی هەولێر سزادراون و ڕێكاری یاسایی لەبەرامبەر خاوەنەكانیان گیراوەتەبەر،
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، كۆی گشتی ئەو بەنزینخانەی لەسەرەتای ئەم مانگەوە تاكو ئەمڕۆ سزادراون 76 بەنزینخانەن، لەو ژمارەیەشدا 7 بەنزینخانەیان بەهۆی دووبارەكردنەوەی سەرپێچی و فرۆشتنی بەنزینی خراپ و دەستكاریكردنی كوالیتی سزادراون كە ناوەكانیان بڵاودەكرێنەوە.
ناوی بەنزینخانەكان:-
یەكەم/ بەنزینخانەی (ئارمان) لەكەورگۆسك
دووەم/ بەنزینخانەی (ڕۆڤا) لەشەقامی 100 مەترسی تەنیشت خوێندنگەی ئەحمەدی خانی
سێیەم/بەنزینخانەی (تەیراوە) لە دوو سایدی كۆنی بەحركە
چوارەم/ بەنزینخانەی (هیوا/ تەیراوە) نزیك شیرەمەنی عەشتار
پێنجەم/ بەنزینخانەی (مان) لەسەر شەقامی كۆڕنیش
شەشەم/بەنزینخانەی (سپلندەر) لەشەقامی حەدید و خەشەب
حەوتەم/بەنزینخانەی (باران) لەسەر ڕێگەی خەبات – هەولێر
داواش لە هاوڵاتییان دەكرێت، “لەكاتی تێبینیكردنی هەر جۆرە سەرپێچییەك لە بەنزینخانەكان و فرۆشتنی بەنزینی خراپ و دەستكاریكردنی كوالێتیەكەی لەزووترینكات ئاگاداری قائیمقامیەتی ناوەندی هەولێر بكەنەوە”.