حكومەتی هەرێم بڕیاریدا گرفتی گرانبوونی بەنزین چارەسەربكرێت

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

حكومەتی هەرێمی كوردستان وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی ڕاسپارد گرفتی گرانبوونی بەنزین چارەسەربكات، ئاسانكاریی دانەوەی قەرزی سەر هاوڵاتییانیشی درێژكردەوە.

ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ لە بەغداد تایبەت بە ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی لەلایەن خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ خرایەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپاتکردەوە لە بەردەوامبوون لە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لە چێوەی دەستوور.

هەروەك بڕیاردرا هەفتەی داهاتوو هەر وەزارەتێک بەپێی تایبەتمەندیی و بە ژمارە و زانیاریی پێویست، ئەو چاکسازییانە بخاتەڕوو کە لە چێوەی یاسای چاکسازیی لە وەزارەت و فەرمانگەکانیان ئەنجامدراون، هەروەها باسی بەرنامە و پلانی داهاتووشیان لەمبارەیەوە بکەن.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای هەموارکردنی ماددەی چوارەم لە یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007 تایبەت بە زیادکردنی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەندامیەتی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز، کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە کۆی دەنگ پەسەندکرا و ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت بۆ تەشریعکردنی.

لە بڕگەی سێیەمدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە ڕێگریی بکەن لەهەر زیادەڕەویی و دەسترێژییەک بۆ موڵکداریی كریستیانەکان یان هەر هاوڵاتییەکی دیکە لە هەرێم و ڕێگە بە هیچ کەس و گروپ و لایەنێک نادرێت لەژێر هەر ناوێکدا بێت هەوڵی تێکدانی بەیەکەوەژیان بدات و ستەم و زۆرداری لە خەڵک بکات.

لە بڕگەی چوارەمدا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی پەسەندکرد تایبەت بە داشکاندنی ڕێژەی 15%ی ئەو پێشنینانەی حکومەت کە لەلای هاوڵاتییانە وەک، پێشینەی خانووبەرە، قەرزی سندوقی نیشتەجێبوون و بانکی خانووبەرە، پێشینەی هاوسەرگیری، قەرزی بچوک، پێشینەکانی بانکی کشتوکاڵی، پێشینەی پڕۆژەکانی پیشەسازی و گەشتیاری و پابەندی دارایی کەڵەکەبووی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و سزای دواکەوتن و سوود لەسەر باج و ڕەسم. ئەم درێژکردنەوەیەش تەنیا بۆ 90 ڕۆژ دەبێت و دوادەرفەت دەبێت بۆ سوودوەرگرتن لەم ئاسانکارییە و جارێکی دیکە داشکاندنەکە درێژناکرێتەوە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بە زووترین کات گرفتی گرانبوونی بەنزین چارەسەربکەن کە بارگرانیی زۆری لەسەر هاوڵاتییان دروستکردووە و هاوردەکردنی بەنزینیش لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان ڕێگەپێدراو بێت.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەڵێن بە هاوڵاتییان دەدات نرخی بەنزین هەرزان بكات

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی: کارمەندانی کەرتی تایبەت خانەنشینی دەیانگرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

قائیمقامیه‌تی سلێمانی فرۆشتنی هه‌نگوینی ساختە قه‌ده‌غه‌ده‌كات

له‌سه‌ر بنه‌مای وه‌ڵامی پشكنینه‌ ته‌ندروستییه‌كان قائیمقامیه‌تی سلێمانی فرۆشتنی هه‌نگوینی ساختە قه‌ده‌غه‌ده‌كات و دەشڵێت، له‌هه‌ر شوێنێك ده‌ستی به‌سه‌ردابگیرێت شوێنه‌كه‌…
Total
0
Share