بڕیاری ناردنی كۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ ڕواندا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە

دادگای پێداچوونەوە لە لەندەن تانەدان لە پلانی حكومەتی بەریتانیا بۆ ڕەوانەكردنی كۆچبەران بەرەو ڕواندا ڕەتكردەوە.

دادگاكە ئەمڕۆ ڕایگەیاند، حكومەت دەتوانێت دەستبەكاربێت بۆ ئەو گەشتە ئاسمانییەی بڕیارە سبەینێ ئەنجامبدرێت و تایبەتە بە گواستنەوەی كۆچبەرانی نایاسایی بۆ ڕواندا.

بڕیارەكەی دادگا سەرەڕای ڕەخنەكانی بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤ، نەتەوە یەكگرتووەكان، كڵێسای ئەنگلیكانی و تەنانەت خێزانی شاهانەی بەریتانی دێت، لەڕێیەوە پێدەچێت حكومەتی پارێزگاران بە سەرۆكایەتی بۆریس جۆنسۆن سووربێت لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژەكە بۆ ڕێگری لە پەڕینەوەی نایاسایی لەڕێی نۆكەندی ئینگلیز و دەریای مانش كە بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە.

دادگا پێیوایە لە بەرژەوەندیی گشتییدایە حكومەت هەنگاو لەسەر پلانی ناردنی كۆچبەران بگرێتەبەر.

حكومەتی بەریتانیا پێشتر پلانێكی بۆ ڕەوانەكردنی ئەو كۆچبەرانە خستەڕوو كە بەشێوەی نایاسایی دەگەنە شانشینی یەكگرتوو، بە گواستنەوەیان بۆ ڕواندا لە دڵی ئەفریقا، لە چێوەی بەرنامەیەكی هەماهەنگیی دووقۆڵی كە تیایدا مافی پێشكەشكردنی داوای مانەوەیان لەوێ دەبێت لەگەڵ سوودمەندبوون لە سیستمی فێربوون و كار.

ئامانجی هەنگاوەكە وەك ئەوەی حكومەتی بەریتانیا ڕایگەیاندووە، ڕێگریكردنە لە چوونی كۆچبەران بۆ بەریتانیا بە ڕێگای مەترسیدار، وەك بەكارهێنانی بەلەم لەڕێی دەریاوە، هەروەها پوچەڵكردنەوەی كاری تۆڕەكانی قاچاخچێتی.

فیلیپۆ گراندی كۆمسیاری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری كۆچبەران ئیدانەی پلانەكەی شانشینی یەكگرتووی كرد دەربارەی ناردنی خوازیارانی مافی مانەوە و وتی “هەمووی هەڵەیە”، هۆشداریشیدا لەوەی دەبێتە پێشینەیەكی “كارەساتبار”.

بابەتی پێشتر

ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری ڕوونكردنەوەیەك لەسەر ئەژی ئەمین بڵاودەكاتەوە

بابەتی دواتر

چێوەی هەماهەنگی: هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەری قەیرانی سیاسی دەنێین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share