بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی دەڵێت، ئامادەن نەرمی بنوێنن و هەڵبژاردن بە چوار بازنە بێت.
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، ئەگەر ژمارەی بازنەكان هەڵبژاردن پەكبخات، پارتی ئامادەیە نەرمی بنوێنێت.
سیوەیلی لە لێدوانێكدا بۆ میدیایەكی نزیك لە حزبەكەی وتیشی، “پارتی ئامادەیە نەرمی بنوێنێت و هەڵبژاردن بە چوار بازنە بێت”.
لێدوانی ئەو بەرپرسەی پارتی هاوكاتە لەگەڵ كۆبوونەوەی دووەمی ئەمڕۆی جینین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق لە بینای سەرۆكایەتیی هەرێم لەگەڵ نوێنەری بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان.
كۆبوونەوەی پێشوو لە 26ی ئایار بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەركردە و نوێنەری ژمارەیەك لە هێزە سیاسییەكانی هەرێم لە نوسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر بەڕێوەچوو.
لەو كۆبوونەوەیەدا تاوتوێی هەڵبژاردن و خزمەتگوزارییە گشتییەكان و بەهێزكردنی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان كرا، بڕیارە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆش هەمان ئەو پرسانە و بەتایبەتیش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تیا بخرێتەڕوو.
هەمواری یاسای هەڵبژاردن بەجۆرێك هەرێمی كوردستان بكرێتە چەند بازنەیەك و پێداچوونەوە بە كورسی پێكهاتەكاندا بكرێت، هەروەها پێكهێنانەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن مەرج و داواكاریی یەكێتی و گۆڕان و ژمارەیەك لە هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانە و پێشتر پارتی ناكۆك بوو لەسەری.