كازمی ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشەكەی هەولێر بڵاوكردەوە

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق

سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت، هێرشەكەی سەر هەولێر سووربوونی هەندێكە لەسەر زاڵكردنی لۆژیكی ئاژاوە و لێدان لە چەمكی دەوڵەت.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دوای هێرشەكەی سەر هەولێر پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە كازمی دووپاتیكردووەتەوە، ئەو هێرشەی ئێوارەی چوارشەممە لەڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە كرایەسەر هەولێر دەربڕی سووربوونی هەندێكە لەسەر زاڵكردنی لۆژیكی ئاژاوە و لێدان لە چەمكی دەوڵەت.

كازمی لە پەیوەندییەكەدا هەموو جۆرەكانی ترساندنی هاوڵاتییان و پەلاماردانی یاسا و دەوڵەتی ڕەتكردووەتەوە و دەڵێت، حكومەتی عێراق درێژە بە هەماهەنگییەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێم دەدات بۆ شوێنپێكەوتنی ئەو لایەنانەی هەوڵ بۆ تێكدانی سەقامگیری دەدەن.

لای خۆیەوە مەسرور بارزانی جەختیكردووەتەوە لەسەر “گرنگیی كاری هاوبەش بۆ پاڵپشتی سەقامگیری و پەرەپێدانی ئاسایش”، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.

هەردوولا دووپاتیانكردووەتەوە كە “هێرشەكە هەوڵە بۆ لێدان لە هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان بەغداد و هەولێر، تێكەڵكردنی كارتەكان و بڵاوكردنەوەی ئاژاوە”.

شەوی ڕابردوو بە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو هێرشێك بۆسەر هەولێر ئەنجامدرا، فڕۆكەكە لە شەقامی سەرەكی هەولێر-پیرمام كەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە سێ هاوڵاتی برینداربوون، چەند ئۆتۆمبێلێكیش زیانیان بەركەوت.

بابەتی پێشتر

جۆرج كاڤیرۆ: بایدن دەیەوێت سعودیە لەگەڵ ئیسرائیل ئاشتببێتەوە

بابەتی دواتر

ژنێك لەلایەن هاوسەرەكەیەوە بە چەكوش كوژرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share