بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لەبارەی لێدوانی ژمارەیەک پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە دابینکردنی دەرمان بۆ سلێمانی ڕایگەیاند، تەنها یەک حەبیش لەسەر داوای پەرلەمانتاران نەهاتووە بۆ سلێمانی.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دکتۆر سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەنگۆی ئەو پەرلەمانتارانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوەدەکەن دەرمان و پێداویستیی پزیشکییان بۆ سلێمانی دابینکردووە لە بەغدادەوە و تەندروستیی سلێمانی وەریاننەگرتووە.
ڕاشیگەیاند، بەداخەوە کەرتی تەندروستی لە هەندێک شوێن خەریکە دەبێتە بابەتی موزایەدەی سیاسی، بەجۆرێک هەندێک ببن بە پاڵەوان و هەندێکی دیکە ببنە تاوانبار.
دکتۆر سەباح هەورامی جەختیکردەوە، تائێستا لەسەر داوای پەرلەمانتارانی ئەم خولەی پەرلەمان، یەک حەبی پاراستۆڵ یەک بڕە دەرمان و یەک پێداویستیی پزیشکی لە بەغدادەوە نەنێردراوە بۆ سلێمانی.
ڕوونیکردەوە، “حکومەتی عێراق جگە لەو بڕە دەرمانەی کە پشکی خۆمانە دەبێت بۆمان بنێرن، هیچ بڕە دەرمانێکی دیکە لەسەر داوای هیچ کەسێک لەلایەن بەغدادەوە نەهاتووەتە سلێمانی”.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی جەختیکردەوە ئەگەر ئەو دەنگۆیانە ڕاستبن دەستلەکاردەکێشێتەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر ئەو پەرلەمانتارانە نووسراوی وەزارەتی تەندروستیی عێراق کە بۆ ناردنی ئەو دەرمانانە لەسەر داوای ئەوان کردوویەتی بخەنەڕوو، “من دەستلەکاردەکێشمەوە”.
داواکارە کە کەرتی تەندروستی و کێشەی دەرمان نەکرێتە موزایەدەی سیاسی، کە ژمارەیەک پەرلەمانتار دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە دەرمانیان بۆ سلێمانی ئامادەکردووە و تەندروستیی سلێمانی نەڕۆشتووە بۆ وەرگرتنی وتی، “ئەو دەنگۆیانە هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن لەڕاستییەوە، عەیبە بۆ پەرلەمانتار لەو ئاستەدا کۆمەڵێک زانیاری بدات بە خەڵک کە هیچ بنەمایەکیان نییە”.