كاسبكارێكی گەنجی خەڵكی قەزای پشدەر بە تەقەی هێزەكانی سوپای پاسدارانی ئێران كوژرا، وەك ئەوەی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردووەتەوە.
ڕێكخراوەكە ڕوونیكردووەتەوە، قوربانییەكە ناوی (كەیوان عەبدوڵا)یە و تەمەنی 30 ساڵە، ئێوارەی دوێنێ شەممە لەلایەن هێزەكانی پاسدارانەوە تەقەی لێكراوە.
كەیوان، كە خەڵکی گوندی دەروە کۆتر سەر بە شارۆچکەی سەنگەسەرە لە قەزای پشدەر، کاسبکار و سەرقاڵی کڕین و فرۆشتنی مەڕوماڵات بووە و بە مەبەستی کڕینی مەڕوماڵات چووەتە سنووری پیرانشار ئەوكاتەی ڕووداوەكەی بەسەرهاتووە.
ڕێكخراوەكە لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە ڕایگەیاند، “کەیوان لە مەودایەکی نزیکەوە و بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەك لەلایەن هێزەکانی پاسدارانەوە کراوەتە ئامانج”.
شەوی ڕابردوو پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا پێیڕاگەیاندین، كەیوان بەمەبەستی هێنانی ئاژەڵ چووەتە سەر سنووری كۆماری ئیسلامیی ئێران.
وتیشی، كەسوكارەكەی چوونەتە سەر سنوور بە مەبەستی هێنانەوەی تەرمەكەی.