وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم ناوی سەرجەم سوودمەندانی زەوی بڵاوكردەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، لە سەرجەم فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو(6118) فەرمانبەر سوودمەند دەبن لە پرۆسەی وەرگرتنی زەوی لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستاندا.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوا بەدوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و دەرچوونی ڕێنمایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەمەبەستی دابەشكردنی زەويی نیشتەجێبوون بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بڕیاریدا بە پێكهێنانی لیژنەی تایبەت بۆ هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و فەرمانگەكانی سەربە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و پێدانی رێنمایی بۆ شێوازی پڕكردنەوەی فۆڕمەكان و چۆنیيەتی شیكردنەوەی رێنماییەكان.
وەزارەتەكە دەشڵێت، “گەڕانەوەی ناوی سوودمەندان لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتو گوزار بەپێی كارتی زانیاری بووە، واتە كارتی زانیاری بۆتە بنەما بۆ دابەشكردنی زەوییەكان بەسەر سنووری پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان”.
ئەوەشخراوەتەڕوو، سەرجەم فۆڕمی سوودمەندان لە دیوانی وەزارەتەوە ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كرا و وردبینی و پێداچوونەوە بە فۆڕمەكان و لیستی ناوەكان ئاراستەی سەرۆكایەتيی ئەنجومەنی وەزیران كرا رەزامەندی وەرگیراو و لیستی ناوەكان و فۆڕمەكان بۆ ئەنجامدانی كاری پێویست ئاراستەی سەرۆكایەتیی شارەوانییەكان دەكرێت لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان.