یەكەم ئاماژەی سەدرییەكان بۆ دژایەتیكردنی دادگای فیدراڵی دەركەوت

جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراك پێشكەشی پەرلەمان دەكرێت بۆ دەنگدان لەسەری.

حاكم زاملی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ لیژنەی یاسایی كۆدەبێتەوە دەبارەی دوو یاسای گرنگ كە پێویستە بەرزبكرێنەوە پاش ڕەزامەندی و تاوتوێكردنی لە لیژنەكە، كە ئەویش بەتاوانناساندنی ئاساییكردنەوەیە لەگەڵ ئیسرائیل، پێویستە بەرزبكرێتەوە بۆ خوێندنەوە لە یەكەم دانیشتندا.

وتیشی، “یاسای نوێی ئاسایشی خۆراكیش لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانەوە وەك پڕۆژەیاسا پێشكەشكراوە و خوێندنەوەی یەكەمی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەكرێت و دەنگی لەسەردەدرێت و ئاراستەدەكرێت بۆ جێبەجێكردنی لەلایەن حكومەتەوە”.

بەپێی وتەی زاملی پڕۆژەیاساكە پەیوەندی بە هاوڵاتییان، توێژی چاودێریی كۆمەڵایەتی و خەرجكردنی مافی جوتیارانەوەیە، جگەلە تەرخانكردنی پارەیەك بۆ وەزارەتی كارەبا بەمەبەستی دانەوەی قەرزەكان و هاوردەكردنی غاز.

دووپاتیشیكردەوە، “بڕگەی دیكە هەیە كە تایبەتە بە ئاسایشی خۆراك و بەبێ ئەو بڕگانە ئەگەر یاساداڕێژی نەكرێت تایبەت بە هاوڵاتیی عێراقی و چارەسەری پرسەكانی كارەبا و پەرەپێدانی كشتوكاڵ و چاودێریی كۆمەڵایەتی، ژیان پەكیدەكەوێت، لە بەرامبەریشدا هاوڵاتی پەرلەمانی بە تەواوی دەسەڵاتە یاسادانانەكانییەوە دەوێت”.

وتەكانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كە سەر بە فراكسیۆنی سەدرە، لەكاتێكدایە یەكشەممەی ڕابردوو دادگای باڵای فیدراڵی لە ڕوونكردنەوەیەكدا پڕۆژه‌یاسای ئاسایشی خۆراكی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرابوو، وە پڕۆژەیاسایەكی دڵخوازی سەدر و حەلبووسی بوو.

پڕۆژەیاسا ڕەتكراوەكە لە 10 ماددە پێکھاتبوو و تیایدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران سەرپەرشتی هەژمارێکی بانکی دەکات بۆ کۆکردنەوەی نزیکەی 45 تریلیۆن دینار، لە پارەی زیاد لە بودجەی ساڵانە و قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی، بە مەبەستی بەکارھێنانی بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی خۆراک لە وڵاتدا، لە ڕێگەی دابینکردنی پارە بۆ بەشەخۆراکی مانگانە و کڕینی گەنم، لەگەڵ پێدانی شایستەی ساڵانی ڕابردووی جوتیاران.

پێشتر نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە تویتێكدا پاڵپشتی خۆی بۆ بڕیارەكەی دادگا دەربڕی و ڕایگەیاند، دادگا بڕیاری ڕێگری لە دەستبردن بۆ داهاتی گشتی و چوونی پشكی زۆری بۆ گەندەڵكاران كردووە.

بە بڕوای مالكی بڕیارەكە بووەتە هۆی پاراستنی حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانیش لە كەوتنە ناو “سەرپێچییە یاسایی و دەستوورییەكان”.

بابەتی پێشتر

قائیمقامیەتی سلێمانی شوێنێکی لە فامیلی مۆڵ داخست کە بەرواری سەر کاڵاکانی ساختەکردووە

بابەتی دواتر

ئەنچیلۆتی فیشەکی ئاڵتوونی دەنێت بە لیڤەرپوڵەوە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share