مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سوپاسی گووگڵ-ی كرد لە بەرامبەر زیادكردنی شێوەزاری سۆرانی بۆ وەرگێڕی گووگڵ، ئەوەش نیگەرانیی بۆكان جافی لێكەوتەوە كە بە هەوڵی ئەو گووگڵ گۆڕانكارییەكەی كردووە.
دوای ئەوەی کۆمپانیای گووگڵ زیادکردنی شێوەزاری سۆرانیی زمانی کوردی بۆ خزمەتگوزاریی وەرگێڕانی ئەلیکترۆنیی ناسراو بە گووگڵ تڕانسلەیت ڕاگەیاند، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تویتێكدا سوپاسی گووگڵ-ی كرد.
بۆکان جاف ئەو كوڕە كوردەی ڕۆڵی سەرەكی هەبوو لە زیادكردنی زمانی كوردی بۆ وەرگێڕی گووگڵ، سەرسووڕمانی خۆی نیشاندا لەوەی كە ئەو نزیکەی حەوت ساڵە کاردەكات بۆ زیادكردنی زمانی كوردی بۆ وەرگێڕی گووگڵ و کۆمپانیای گووگڵ باسی هەوڵ و ماندووبوونەکانی کردووە، كەچی سەرۆكی حكومەت باسی هەوڵەكانی ئەوی نەكردووە و سوپاسی گووگڵ دەكات.
دوێنێ چوارشەممە بۆكان جاف لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك، هەواڵی زیادكردنی شێوەزاری سۆرانیی زمانی کوردی بۆ خزمەتگوزاریی وەرگێڕانی گووگڵ ڕاگەیاند. ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی کۆمپانیای گووگڵی کرد لەپای ئەو گۆڕانكارییە.