سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، دەسەڵاتی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانمان زیادكردووە و كەس لە خۆمان بە دڵسۆزتر نازانین و دەڵێت، “داكۆكی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیدا دەكەین”.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەنی هەرێم ڕایگەیاند، پێشتر داوای شۆركردنەوەی دەسەڵات كراو ئێمە بڕیارماندا ئەو هەنگاوە جێبەجێبكرێت، بەڵام دەبێت ئەجێندای حكومەت جێبەجێبكرێت و بەداخەوە لە چەند شوێنێك داهاتەكان وەك خۆی كۆناكرێنەوە.
“داهاتی هەرێم سێ جۆرە”
سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، داهاتەكان بریتیە لە داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێم، ئەو پارەیەی لە بەغدادەوە دێت و داهاتەكان كە لە هەولێر و دهۆك زیادیانكردووە.
“لەسەر پرسی مووچە لەگەڵ پارێزگارەكان كۆدەبینەوە”
مەسرور بارزانی دەڵێت، “لەسەر پرسی مووچە و ئەو گرفتانەی كەلە چەند شوێنێك هەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ پارێزگارەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان كۆدەبینەوە و دەبێت ئەو گرفتانە چارەسەر بكرێن و گرفتەكانمان بۆم ڕوونبكەنەوە”.
مەسرور بارزانی داوای هەڵبژاردن دەكات
سەرۆكی حكومەت وتی، “داكۆكی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا دەكەینەوە و پێویستە هەموو ڕێوشوێنێك بگیرێنەبەر.
“پابەندبوون بە دەستوور بكرێتە بنەمای دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ”
مەسرور بارزانی پێیوایە، دەبێت دەستوور بكرێتە بنەمای دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و وتی” ئێمە بەردەوام لە دانوستانداین لەگەڵ بەغداد و وەڵامی حكومەتی فیدراڵمان داوەتەوە و هیچ كەسێك ناتوانێت مافەكانمان پێشێلبكات”.
“حكومەت دەیەوێت گوشاری ئابوری لەسەر هاوڵاتییان كەمبكاتەوە”
بارزانی ڕاشیگەیاند، حكومەت دەیەوێت گوشاری ئابوری لەسەر هاوڵاتییان كەمبكاتەوە بۆئەو مەبەستە لە ڕابردوودا بڕیاردرا بە كەمكردنەوەی كرێی كارەبا لەسەر نانەواخانەكان.
20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون دروستدەكرێت
سەرۆكی حكومەتی هەرێم باسی لەوە كرد، لەگەڵ وەبەرهێنەران گفتوگۆكراوە بۆ دروستكردنی 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون كە لەلایەن حكومەتەوە بڕیاری لەسەر دراوە بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەكرێن.
هەر كەسێك داوای لامەركەزییەتی ئیداریكرد دەبێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت
سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتی، “پێشتر داوای لامەركەزییەت كراوە و ئێمەش لاریمان نییە و كە ئێستا گرفت دروستدەبێت ئەو كەسەی داوایكردووە دەبێت بەرپرسیارێتییەكەشی هەڵبگرێت”.
“لەگەڵ هەندێك كۆمپانیا لەگفتوگۆداین بۆ دروستكردنی بەنداو”
مەسرور بارزانی ئاشكرایكرد، لەگەڵ حكومەتی عێراق گفتوگۆ كراوە بۆ دروستكردنی چەند بەنداوێك و سوود وەرگرتن لە سەرچاوەكانی ئاو و لەگەڵ چەند كۆمپانیایەك لە گفتوگۆداین بۆ دروستكردنی چەند بەنداوێك لە هەرێمی كوردستان، بەڵام دروستكردنی بەنداو لە ڕووی تەكنیكیەوە ماوە و بودجەیەكی تایبەتی دەوێت.